حەپی خۆپارێزی لە ئایدز دۆزرایەوە

:: PM:07:11:30/11/2023 ‌
بۆ یەکەم جار و لە ڕێگەی توێژینەوەیەکەوە حەپێکی خۆپارێزی لە بەریتانیا دروستکرا کە ڕێگری دەکات لەوەی مرۆڤ تووشی ئایدز ''ڤایرۆسی (HIV)'' ببێت.

توێژینەوەکە لەسەر 24 هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە پزیشکانی لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە حەپەکە کاریگەریی تەواوی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسەکە.

ئێستە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی هەڵدەستن بە بەکارهێنانی حەپەکە، ئەمەیش بەهۆی کاریگەریی بەرچاوی لە ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییە کوشندەکە.

ڕێکخراوی خێرخوازی ''تێرێنس هیگینز'' بۆ ئایدز، داوا دەکات بە شێوازێکی ئاسانتر خەڵکی دەستیان بە حەپەکە بگات، داواکەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە تا ئێستە زۆرێک لە خەڵکی، لە ناویاندا ژنان زانیارییان نییە لەبارەی ڕاستی و کاریگەرییەکانی حەپەکە.

دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA)، کە هاوشانی نەخۆشخانەی ''چێڵسی'' سەرمەشقی توێژینەوەکە بوون ڕای  گەیاند، توێژینەوەکە گەورەترین توێژینەوە بووە کە تا ئێستە لەبارەی ڕێگریکردن لە ئایدز ئەنجام درابێت.

توێژینەوەکە لە نێوان ساڵەکانی (2017-2020) لە 157 کلینیکی جیاوازی بەریتانیا ئەنجام دراوە، لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، بەکارهێنەرانی حەپەکە کە بە (PrEP) ''خۆپاراستن لە پێش بەرکەوتن'' ناسراوە، بە ڕێژەی %86 دوور دەبن لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، ئەمەیش ئەگەر بێت و ڕۆژانە بەکاری بهێنن.

تاقیگە کلینیکییەکان دەڵێن، دەرمانەکە بە ڕێژەی %99 کاریگەریی هەیە.

دکتۆر جۆن ساوندەرز، ڕاوێژکاری تەندروستیی سێکسی و ئایدز کە کاری لەسەر توێژینەوەکە کردووە ڕای گەیاند، دەرمانەکە کاریگەریی زۆر باشی هەیە و ئێستە حەپەکە بە سەرانسەری نەخۆشخانە و دەرمانخانەکەنی بەریتانیادا دابەش دەکەن.

ئەم پزیشکە دووپات لە کاریگەریی حەپەکە دەکاتەوە و دەڵێ، ئەگەر بێت و بە شێوازێکی دروست بەکار بهێنرێت، ئەوا بە ڕێژەیەکی زۆر دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز.

هاری دۆد یەکێکە لەو پیاوانەی کە لە توێژینەوەکەدا تاقیکردنەوەکەی لەسەر کراوە و دەڵێ، لەوەتەی حەپەکە دەخوات هەست بە متمانە بەخۆبوونێکی یەکجار زۆر دەکات و بە درێژایی ئەوکاتەی کە حەپەکەی بەکارهێناوە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بووە کە بۆ ماوەیەکی درێژە تووشی ئایدز بووە، بەڵام لەو کاتەى حەپەکە وەردەگرێت ترسی شکاوە و بە دڵی خۆی دەژی.

دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا (UKHSA) تیشکى خستووەتە سەر کاریگەرییەکانی حەپەکە و دەڵێ، دەرمانەکە یارمەتی ئامانجی حکوومەتی بەریتانیا دەدات کە تا ساڵی 2030 نەخۆشیی ئایدز بنبڕ بکات.

ئەم حەپە بە دوو جۆر بەکار دێت، دەتوانرێت ڕۆژانە بەکار بهێنرێت، یاخود پێش ئەنجامدانی سێکس.


وشە - ئارا هێمن