"لە سەرەتای ساڵی نوێدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكان یەكسان دەبێت بە نرخی فەرمی"

:: PM:05:35:01/12/2023 ‌
دوای بەردەوامبوونی تەنگژەی دۆلار لە بازاڕەكاندا بۆ ماوەی چەندان مانگ و شكستهێنانی بەشێكی زۆری رێكارە حكوومییەكان بۆ زیاتر دانەڕمانی نرخی دیناری عێراقی، فراكسیۆنی "بەدر" لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا زۆر نزیك بێتەوە لە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی. 

ئەمڕۆ هەینی 1ی كانوونی یەكەمی 2023، كەریم مەحمەداوی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی "بەدر" لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بەرەو نزمبوونەوەیە، هاوكات ئاماژەی بە هۆكارەكانی ئەم نزمبوونەوەیە كرد. 

بەپێی لێدوانێكی مەحمەداوی بۆ پێگەی "بەغداد یەوم" لەم چەند رۆژەی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراقی چەند رێوشوێنێكی تری گرتە بەر بۆ كۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار، بۆیە دەبینین نزمبوونەوە لە نرخەكاندا لە بازاڕەكاندا بەدی دەكرێت. 

ئەم پەرلەمانتارە پێی وایە نزمبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوامی دەبێت و ئاماژەی دا كە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا یەكسان یا زۆر نزیك دەبێتەوە لە نرخی فەرمی، بە تایبەت ئەگەر بانكی ناوەندی و حكوومەت بەردەوام بن لە رێكار و رێوشوێنەكان بۆ كۆنترۆڵی نرخەكەی. 

لە 15ی مانگی رابردوو، سەرچاوەیەكی حكوومی ئاشكرای كرد، بانكی ناوەندی عێراقی رەزامەندی سێ بانكی ئەهلی بە دەستهێناوە بۆ وەدەستهێنانی دۆلاری ئەمەریكی و وەجبەی یەكەمی ئەم پارەیەش گەیشتووەتە عێراق و دەست كراوە بە دابەش كردنی لە پێناو دابینكردنی خواستی كڕیارانی دۆلار. 

لە هەمان كاتدا سەرچاوەیەك لە بانكی ناوەندی دوو رۆژ پێش ئێستە لە 29ی تشرینی دووەمی 2023 رای گەیاند كە بارێكی دۆلار گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن بانكە عێراقییەكانەوە وەرگیراوە بۆ دابینكردنی خواستی بازاڕ و كڕیارانی دۆلار.


وشە - پۆڵا مەحموود