"مەسروور بارزانی تاكە سەركردە بووە لەم ناوچەیە هەنگاوی كرداری بۆ پرسی گۆڕانكاری كەشوهەوا ناوە"

:: PM:05:49:01/12/2023 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەشداری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە لوتكەی جیهانی كەشوهەوا تەشریفاتی نییە، بەڵكو تاكە سەركردەیە لەم ناوچەیەدا هەنگاوی كرداری بۆ ئەم پرسە ناوە و هاوكات ئاماژەی بەو كارانەیش كردووە كە لەكابینەی نۆیەمدا لەم پێناوەدا كاریان لەسەر كراوە. 

ئەمڕۆ 1ی دێسێمبەری 2023، لە راگەیەندراوێكی پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە سەبارەت بە بەشداری سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی  لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا بەشدارییەکی تەشریفاتی نییە و ئەم بابەتە لەناو دیدگای بەڕێزیان بە گرنگییەوە کاری بۆ دەکرێت.

هەورامانی روونی كردووەتەوە، سەرۆک وەزیران وەک تاکە سەرکردە لەم ناوچەیەدا هەنگاوی کرداری بۆ ئەم پرسە ناوە و هەم لە نووسینگەکەی خۆی هەم لە کابینەکەیدا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا جێی بایەخن و لەماوەی رابردوو کاری زۆر باشکراون بە مەبەستی ژینگەپارێزی.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكدا گوتەبێژی حكوومەت ئاماژەی بەو كارانە كردووە كە لە كابینەی نۆیەمدا كاری لەسەر كراوە بەمەبەستی ژینگەپارێزی و پۆلینبەندی بۆ كردوون بەم شێوەیەی خوارەوە: 

1- لەمانگی ئابی ساڵی 2021 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریاری دا سووتاندنی غاز لە سەرجەم پالاوگەکانی نەوت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان قەدەغە بکرێت، دەستبەجێ بریارەکە جێبەجێ بکرێت، رۆژانە زیاتر لە 150 ملیۆن پێ سێجا غاز دەسوتێندرا، بەهۆی نیگەرانیەکانی ژینگە و کەشوهەوا حکوومەت بە تەواوی ئەوکارەی قەدەغە کرد.

2- لە مانگی ئایاری ساڵی 2023 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا، كە پرۆژەکە بە بڕی 100ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات ئەنجام دەدرێت، بریارە لە ساڵی 2024 تەواو بکرێت.

3- کابینەی نۆیەم زیاتر لە 100 پۆندی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروستکردووە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، ئەم پۆندانە وەک رزگارکەری ئاو بۆ مانگەکانی هاوین کاردەکەن، کێلگە کشتوکاڵییەکان و کەرتی ئاژەڵداری دەپارێزن جگە لەوەی رێگری لە لافاو و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵیەکان دەکات.

4- لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلینی قیری لە هەولێر کردەوە، کارگەکە بە گوێرەی ستانداردی ژینگەیی هاوچەرخ دروست کراوە و یەکەم کارگەیە لە جۆری خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار.


وشە - پۆڵا مەحموود