نرخی كیلۆی مریشك بۆ خوار سێ هەزار دینار دابەزی

:: PM:07:21:01/12/2023 ‌
دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوو نرخی یەك كیلۆی مریشک لە بازاڕەکاندا بۆ سەرووی چوار هەزار بەرزبووەوە، دوو رۆژە نرخی مریشک هەرزانبووە و کیلۆی بۆ خوار سێ هەزار دابەزیووە.

ئەمڕۆ هەینی یەکی کانوونی یەکەمی 2023،  نازم جاف سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەپەلەوەرییەکانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو بەرهەمی مریشک لە کێڵگەکان کەمبووەوە و بەهۆیەوە نرخ بەرزبووە، دوو رۆژە نرخەکەی هەرزانبووەو کیلۆی بە 2600  تا  2800  دینارە.

گوتیشی، بەهۆی گرانبوونی سوتەمەنی و کەلوپەلەکانی تر یەک کیلۆ مریشک نزیکەی سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن کیڵگەکان دەکەوێت و بەو پێیە ئێستا لە زەرەرداین.

لای خۆشییەوە بەرهەم عەلی مریشکفرۆش لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوو نرخی مریشک بۆ سەرو چوار هەزار دینار بەرزبووە بەهۆی ئەوەی مریشک لە هۆڵەکان بەرەو کەمبوونەوە دەڕۆیشت، خواستێکی زۆریشی لەسەر بوو، ئەو بەرهەمەی هەبوو کەمتر بوو لە خواستەکە.

هەروەها گوتی، دوو رۆژە نرخی مریشک بە سێ هەزار دینار بۆ یەک کیلۆ دابەزیووە و دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، ئەوەش لە دوای ئەوە دێت هۆڵەکان جووجەڵەیان دانا و  بەرهەم بەرەو زۆربوون چوو.

بەرهەمی ساڵانەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان سەرو 200 هەزار تۆنە، بەڵام پێویستی ناوخۆ لە خوار 70 هەزار تۆنەوەیە.

سلێمانی / هۆشیار عەلی


وشە - پۆڵا مەحموود