وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ 72 حالەتی نوێی ئەیدز لە كوردستان دەستنیشان كراون

:: PM:10:36:01/12/2023 ‌
رۆژی یەكی دیسێمبەری هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی ئەیدز ناسراوە، وەزارەتی تەندروستی لەمبارەوە چەند داتایەك و پەیامێكی لەژێر تایتلی "بەدروشمی با كۆمەڵگاكان پێشڕەوی بكەن" بڵاو كردووەتەوە و لە پەیامەكەدا هاتووە، ڕۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانی یە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پێوەندارەكان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز.

وەزارەتی تەندروستی روونی كردووەتەوە، لەمساڵدا 600 هەزار پشكنین ئەنجام دراوە و 72 حالەتی نوێی ڤایرۆسەكە دەستنیشان كراوە، كە ئەمانیش كەسانی بیانی بوون و گەڕێندراونەتەوە وڵاتانی خۆیان. 


لە بڵاوكراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ 2023 لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی 598 هەزار  تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی ڕۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی ئەیدز، سەڕەڕای چەندین چاڵاکی هۆشیاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پشکنین.

لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنیا 72 حالەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت.

ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو. نەخۆشییەکە لە دەرەنجامی کۆتاییدا پێی دەووترێت ئەیدز (AIDS) بەهۆی هەڵگری و تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV و مانەوەی بۆماوەیەکی درێژ تا ئەگەری چەندین ساڵیش بەبێ هیچ نیشانەیەک،  ھۆکاری سەرەکی مردن لە تووشبوانی نەخۆشی ئەیدز ڕاستەوخۆ ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو کاریگەریی لاوەکی و ئاڵۆزکانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر دابەزاندن و کەمکردنەوەی بەرگریی لەشی تووشبوو کە وادەکات تووشبوو بەرگری نەخۆشیە درمەکانی تر و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە نەکات.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی داوە، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمتریین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

لە كۆتایی بڵاوكراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، لەم ڕۆژەدا، پەیاممان بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و دۆزینەوەی حالەتەکان. هەروها دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان. هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بەڕێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود