نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی شانبەشانی سەركردەی 199 وڵات، هەرێم و رێكخراو لە كار و چالاكییەكانی 28ـەمین كۆنفرانسی گۆڕانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدار بوون، ئەمە بۆ كوردستان جۆرێكە لە مانۆرێكی سیاسی، چونكە ئەو كۆنفرانسانە زۆرترین دیداری سیاسیی تێدا دەكرێت.
28ـەمین كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا كۆپ 28، بە گوتاری سەرۆكی ئیمارات و راگەیاندنی سندووقێكی 30 ملیار دۆلاری بۆ خزمەتكردنی زەوی دەستی پێ كرد، لەم كۆنفرانسەدا 199 وڵات بەشدار بوون.
كورد ئەگەرچی لە كەشوهەوای دنیادا پێگەیەكی ئەوتۆی نییە، چونكە نە ئەو تەكنەلۆجیایە و نە وزەی ئەتۆم و نە دەورێكی لە سووتانی خەڵووزدایە، بەڵام بانگێشتی كۆنفرانسێكی وا كرابوو، شۆخان حەبیب وەك پسپۆرێكی ژینگەیی بۆ "وشە" دەڵێت، بەشداریی كورد لە كۆنفرانسێكی وادا پێوەندیی بە هەوڵی دیپلۆماسییانەی سەركردایەتیی كوردەوە هەیە، ئەوان وەك پێوەندی زۆر دەمێكە لەگەڵ ئیمارات بەردی بناغەیەكیان دانابوو، بۆیە لەم چوارچێوەدا بانگێشت دەكرێن تا لەوێ سوود لە كۆنفرانسەكە ببینن و پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی بەشداردا بكەن.
هەرێمی كوردستان شانبەشانی سەرۆك و سەركردەی 199 وڵات و ناوچەكە، ئامادەی گرنگترین كۆنفرانسی كەشوهەوای دنیا بوو. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكسدا رای گەیاند: "دڵخۆشم كە بۆ رێوڕەسمی كردنەوەی COP28 لە دوبەیم. هەوڵی یەكگرتوو و پێكەوەكاركردنی دنیا زۆر گرنگە بۆ پاراستنی هەسارەكەمان."
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كورستانیش لە كۆنفرانسەكەدا بەشداربوو، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، مەسروور بارزانی دەڵێت: "ئەمساڵ لە كاتێكی گرنگدا كۆنفرانسی #COP28 ئەنجام دەدرێت. هەڕەشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا سنوورەكان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەكەوە كار بكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان."
هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقی پێنجەم زیانمەندترین وڵاتی دەستی گۆڕانی كەشوهەوا، لە مەترسیی وشكەساڵی، بەبیابانبوون، كەمئاوی و كەمبوونەوەی رووبەری كشتوكاڵی بەدەر نییە، بۆیە دەیەوێت لە یارمەتی و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەكان سوودمەند بێت.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دەرەوە و گۆڕانی كەشوهەوا گوتی، ئێستە باسی ئەوە دەكرێت كە بودجەیەكی زۆر گەورە بۆ گۆڕینی كەشوهەوا تەرخان بكرێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین هەندێك لەو پارەیە بهێنینە هەرێمی كوردستان. حكوومەتی سوودانی شەش ترلیۆن دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دیاری كردووە كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، دنیا ساڵانە پێویستی بە 387 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی وەك قەرەبووی وشكەساڵی، گەرما و لافاوەكان بە وڵاتان بدرێت.
لە ساڵی 2014دا بڕیار درابوو ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە كۆ بكرێتەوە، بەڵام پارەی تەرخانكراو نەگەیشتووەتە ئەو بڕە، چونكە وڵاتان لەسەر چۆنیەتیی دابەشكردن و لایەنی كارگێڕی رێكنەكەوتبوون، بەڵام لە یەكەم رۆژی ئەم كۆنفرانسەدا، نزیكەی هەموو وڵاتان رێككەوتن كە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، دەستوبرد لە پڕكردنەوەی سندووقەكە بكەن و لەلایەن بانكی جیهانییەوە بەڕێوە ببرێت.
بەكارهێنانی وزەی ناوەكی بەشێوەیەكی مەدەنی و سەربازی، دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی چەند تیشكێكی ناپەسند بۆ ناو ئاو و هەوا، ئەمەش چەندان زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.
بەكارهێنانی سەرچاوەی وزە وەك: نەوت و خەڵووز كە چەندان گازی زیانبەخش فڕێ دەدەنە بەرگەهەوای زەوی، ئەمەش زیان بە مرۆڤ و ڕووەك و گیانداران دەگەیەنێت، زۆربەی جاریش لەسەر شارەكانی پیشەسازیدا تەپوتۆزێك پەیدا دەبێت كە لە تەمێكی دووكەڵی دروست بووە، تێبینیی ئەوەش كراوە ئەو شارانەی ژمارەی ئۆتۆمبێلیان زۆرە و ئەتۆمی كاربۆنیان هەڵگرتووە، زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنن و دەبێتە هۆی دروستكردنی ڕێژەیەكی زۆری یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و دووەم ئۆكسیدی گۆگرد كە ئەمانەش غازی زۆر مەترسیدارن.
ئەمڕۆ ئێمەی مرۆڤ بەبەردەوامی تێكڕا 24 تێرا وات كارەبا بەرهەم دەهێنین لە سەرانسەری دنیا، ئەو بڕە دەكاتە 24 ملیۆن مێگاوات، بۆ ئەوەی مەزەندەی ئەو بڕە بكەن، پێویستە بزانن هەموو هەرێمی كوردستان بە بەردەوام پێویستی تەنیا بە نزیكەی پێنج بۆ شەش هەزار مێگاواتە لە وزەی كارەبا.
هەژار عەبدوڵا گوتی: پێویست بوو كاری رژد بكرێت و ڕێژەی سەوزایی زۆر زیاد بكرایە لەناو شارەكاندا بۆ ڕێژەی 15% بۆ 20%، وڵاتانی دەوروبەر هەرێمی كوردستان بەرەو وشكی و بێ ئاوی نەبەن و سەرچاوە ئاوییەكان نەگیرێتەوە، بەدەر لە گۆڕانی ژینگەیی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆبوونەوەی ڕێژەیەكی زۆری خاشاك، مەترسییەكە چەند هێندە بووە، لە ڕێژەی خاشاكی سلێمانی 65%ی پاشماوەی خۆراكە و لە بەرانبەردا ڕێژەی سەوزایی زۆر كەمە.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی كوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە ١٢.٤٪، لە كاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە ڕێژەی سەوزایی ١٥٪ كەمتر نەبێت.
دیار غەریب بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، لە لێدوانێكی بۆ "وشە" مەترسییەكانی بەردەم ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕوون دەكاتەوە و لە پاڵ هۆكارە جیهانییەكان بۆ پیسبوونی ژینگەی هەرێم، هۆكارە ناوخۆییەكانیش دەخاتەڕوو. ئەو گوتی، "مەترسییەكانی ژینگەی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە، دوو ساڵە وشكەساڵی بەرۆكی گرتووەتەوە و بەشێكی زۆری سەرچاوە ئاوییەكانی لە دەست داوە بەهۆی كەمبارانییەوە، ئەوە جگەلەوەی بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠١٩، ١٠٠ ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردمان و تۆپبارانەكانی توركیا و ئێرانەوە سووتاون."