شەڕەكەی سنووری مەخموور كۆتایی هات

:: PM:01:36:02/12/2023 ‌
لە شەوی رابردووەوە تا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەلایەن سوپای عێراق و تیرۆریستانی داعش شەڕە، دوای كۆتاهاتنی شەڕەكە دەركەوت 23 بریندار و كوژراو لە هەردوو لایەن هەیە.

ئەمڕۆ شەموو دووی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوای بۆردمانكردنی دوو خانوو، كۆتایی بە شەڕەكەی گوندێكی مەخموور هات كە لە شەوی رابردووەوە بەردەوامە.

ئەوەیش زانراوە، لەو شەڕەی گوندی گۆپتەپە، چەند چەكدارێكی داعش گەمارۆ درابوون لەلایەن چەكدارانی سوپای عێراقی و نەیانتوانی دەربازبن، لەو شەڕەا سێ‌ سەربازی سوپای عێراقی كوژران و 15ی تریش بریندار بوون، پێنج چەكداری داعش كوژران.

سوپای عێراقی دوای كۆنترۆڵكردنی گوندەكە، لاشەی چەكدارەكانی لەسەر بۆنیتی ئۆتۆمبێلی سوپای عێراقی لە شەقامی سەرەكیی شارۆكەی مەخموور نمایش كرد.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە ئەو گوندە بەهۆی ستراتیجیی شوێنەكەی، لە ساڵانی رابردوو بنكەی سەرەكیی چەكدارانی داعش بوو، بەڵام دوای ساڵی 2017 بە تەواوی كۆنترۆڵ كرا.



وشە - رامیار جەواد