بەرپرسێكی پارتی: كورد لەسەر گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك رێككەوتوون

:: PM:04:53:02/12/2023 ‌

بڕیارە لە 18ی كانوونی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق بەڕێوە بچێت، لەوانەش لە كەركووك، هەڵبژاردنەكە بۆ كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان زۆر گرنگ و هەستیارە، چونكە سەنگ و بوونی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەسەلمێنێت، بە تایبەتی لە كەركووك كە كورد چاوی لە پۆستی پارێزگارە، بەرپرسێكی پارتی دووپاتی كردەوە كە كورد لە نێوان خۆیان بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستەكە رێككەوتوون.

محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی كەركووكی پارتی لەوبارەوە دەڵێت، لە رووی ژمارەی دانیشتووان و سیاسیشەوە كورد لە كەركووك زۆرینەیە، عێراق وڵاتێكی دیموكراسییە و لە لایەن زۆرینەوە فەرمانڕەوایەتی دەكرێت، دیاریكردنی پۆستی پارێزگاری كەركووكیش وەك هەر پۆستێكی سەروەری، زۆرینەی ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگە دیاری دەكرێت، بۆیە پۆستەكە بۆ  كورد دەبێت.

ئاماژەی كرد، كورد رێككەوتنیان هەیە بەوەی پۆستەكە بگەڕێننەوە، متمانەی تەواویشمان هەیە كە لە هەڵبژاردن نیوەی ژمارەی كوردسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك بەدەست دێنین، چونكە بۆ كورد شتێكی لۆجیكییە دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئەو بێت، هەرچی وردەكارییەكانی ترە بەوەی كێ پۆستەكە وەردەگرێت، هێشتا زووە بۆ باسكردنی و لە كاتی خۆیدا چارەسەر دەكرێت.

تەنیا 16 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق ماوە، زۆرینەی سیاسەتوان و چاودێرانی كورد ئاماژە دەكەن كە پێویستە كورد لەم هەڵبژاردنە دەستی خۆی بوەشێنێت و قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بكات كە بەهۆی رۆۆداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لێی كەوت، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە دەبێت هەڵوێست و پلانەكانیان یەك بخەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی لە ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك و گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك بۆ كورد، گەڕانەوەی بارەگەكانی پارتیش بۆ كەركووك رۆڵی گەورەی لە هاوسەنگكردنەوەی تەرازووی هێز لە كەركووك و گەڕانەوەی پۆستی پارێزگار هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل