بۆچی پیاو لە بەرانبەر ژندا دەشێوێت؟

:: PM:08:44:04/12/2023 ‌

بە درێژایی مێژوو و تا ژیان هەبێت پێوەندیی ژن و پیاو لە نێوان خۆشەویستی و سەرسامی و پێوەستی و هەندێكجاریش رق و بێزاری دێت و دەچێت، رەنگە قۆناغەكانی تەمەن و هاوسەرگیری كاریگەرییان لەسەر ئەو پێوەندییە هەبووبێت، بەڵام بە گشتی پیاوان هەر حسێبیان بۆ ژن كردووە و لە بەرانبەریان هەستیان بە شێوان یان شڵەژان كردووە، هەمان شتیش بۆ ژن راستە.

چەند هۆكارێك بۆ شێوانی پیاو بەرانبەر ژن هەیە، هاوكات چەند نیشانەیەكیش بۆ سەرسامیی پیاو بە ژن هەیە، لە هۆكارەكانی شێوان، شەرمی ژن و نەبوونی متمانە لای پیاو و جوانیی ژن و هەستی خۆشەویستی و سەرسامی، رەنگە وەك سروشت پیاو كەمتر شەرمن بێت، بەڵام كە دەكەوێتە بەرانبەر ژنێكی شەرمن، دەشێوێت، چونكە بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت كە ئەو ژنە شەرمەكەی بەرانبەری نەمێنێت.

نەبوونی متمانەی پیاو بە خۆی وا دەكات بەرانبەر بە هەموو خەڵك، لەوانەش ژن، تووشی شێوان و رارایی بێت، چونكە لە شەرمەزاری و رەتكردنەوەی دەترسێت، بە تایبەتی ئەگەر ژنەكە جوان و خاوەن ئاكاری جوان و ئاستێكی بەرزی زانستی و پلە و پایە و سەركەوتوو بێت. 

جوانی دەرەكیی ژن هۆكارێكی سەرەكیی شێوانی پیاوە، چونكە ئەوكات هەست بە رارایی و ترس دەكات و نیشانەی خۆشەویستی و سەرسامی لەسەر جەستە و ئاكارەكانی بەدیار دەكەوێت، ئەوكاتەشی پیاو خۆی لە بەرانبەر ژنێكی جیاواز بەپێی پێوەر و هزری خۆی دەبینێتەوە، دەشێوێت، چونكە بیر لەوە دەكاتەوە چۆن بەرانبەری رەفتار و هەڵسوكەوتی گونجاو بكات و خۆی بە جوانترین شێوە پێشان بدات، ئەگەر نەشیتوانی هەستەكانی خۆی بۆ دەرببڕێت، رارایی و نیگەرانی زیاتر دەكات. 

لە نیشانەكانی سەرسامیی پیاو بە ژن، یان ئەوەی كەوتووەتە داوی خۆشەویستییەكەی، كاتێ قسەی لەگەڵدا دەكات بە بەردەوام خەندە و پێكەنینی لەسەر لێوە، كە هاوكات نیشانەی شێوانە، ئەو لە دوورییەكی ناوەند لە ژنەكە دەوەستێت، واتە نە دوور و نە نزیك، هەوڵ دەدات بە شێوازی رۆیشتنی سەرنجی ژنەكە بۆ خۆی رابكێشێت، زمانی جەستەی دەگۆڕێت، وەك دەستبردن بۆ چەناگە و جووڵەی برۆكان و بەرزكردنی دەنگ و دەرخستنی ماسولكەی لەش و بەرزكردنەوەی دەنگی پێكەنین تا ئاستێكی نائاسایی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل