175 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ هه‌ژمارى من تۆمار كراون

:: PM:04:38:05/12/2023 ‌
پڕۆسه‌ى "هه‌ژمارى من" به‌رده‌وامه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نوێترین داتای تۆماری پڕۆژه‌كه‌ى بڵاو كرده‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م پێنجى كانوونى یه‌كه‌م، فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاوى كرده‌وه‌، تا ئێسته‌ نزیکەی 175 هەزار فەرمانبەری هه‌رێمی كوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار کراون و پڕۆسه‌ى تۆماركردنیش به‌رده‌وامه‌. 

جێى ئاماژه‌یه‌، بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ته‌ناهییه‌كان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

هه‌روه‌ك کار دەکرێت لەسەر دابینکردنی 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.

پێشتر مه‌سروور بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان راى گه‌یاندبوو، هەژماری من یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو.


وشە - وشه‌