"عومەری سەید عەلی خۆی هەڵنابژێرێتەوە و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خۆیان كاندید ناكەن"

:: PM:09:14:05/12/2023 ‌

نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی دەستەی حەوت كەسیی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكە لە چاوپێكەوتنێكی "وشە" دا تیشك دەخاتە سەر دۆخی ئێستە ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لەوە دەكات كە پێش كۆتایی ساڵ بزووتنەوەكە خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێرێت و كار بۆ خۆرێكخستنەوە دەكات.

*بابەتی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان بە كوێ گەیشت؟

كارمان بۆ ئەوە كردووە كە هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت، واتە بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوایین كۆبوونەوەی بڕیاری دا هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام تا ئێستە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ ئەو دوو پۆستە نەكراوەتەوە تا بزانین كێن ئەوانەی خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە هەڵدەبژێرێت.

*كێن ئەوانەی مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرن؟

ئەوانەی پێشتر ئەندامی خانەی راپەڕاندن بوون، ئەگەر دوو خولی خۆیان تەواو نەكردبێت دەتوانن خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندنی نوێ هەڵبژێرنەوە، بەڵام ئەگەر دوو خولی خۆیان تەواو كردبێت ئەو مافەیان نییە، جیا لەوە هەر كەسێك كار بۆ گۆڕان بكا و لە بەرژەوەندیی گۆڕان كار بكات، مافی هەیە خۆی بۆ خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت. 

*پۆستی رێكخەری گشتیی بزووتنەوە گۆڕان چی لێ دێت؟

لەگەڵ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن، رێكخەری گشتیش هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەویش بەهۆی ئەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن نەكراوەتەوە، دیار نییە كێ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەویش پۆستێكە و هەر كەس دەتوانێت خۆی بۆ هەڵبژێرێت ئەگەر مەرجەكانی تیادا بێت، رەنگە كەسێك یان چەند كەسێك خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید بكەن. 

*سەبارەت بە عومەری سەید عەلی، رێكخەری ئێستەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو هەڵوێستی چییە؟

ئێستە ئەو رێكخەری كاربەڕێكەرە، بەڵام خۆی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئامادە نییە خۆی بۆ پۆستی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان و خانەی راپەڕاندنیش هەڵبژێرێتەوە، كاتێك خانەی راپەڕاندن و رێكخەر لە لایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دیاری دەكرێن، بەڵام ئەو كەسێكی بە ئەزموونە و مێژوویەكی هەیە، بۆیە پرس و رای پێ دەكرێ و گوێی لێ دەگیرێت.

* بۆ پۆستی رێكخەری گۆڕان، قسە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكرێت؟

مافی خۆیانە ئەگەر خۆیان بۆ پۆستی رێكخەر یان هەر پۆستێكی تری بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێرن، تەنانەت هەر هەڵسوڕاوێكی گۆڕان مەرجەكانی تیادا بێت مافی خۆیە خۆی هەڵبژێرێت، بۆیە ئاساییە ئەگەر كوڕی نەوشیروان مستەفا خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی زۆرینە بێنێت و ببێتە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام تا ئێستە شتێك لەسەر ئەوە نییە و پێم وایە هیچكامیان خۆیان كاندید ناكەن.

*لە دوای خانەی راپەڕاندن كاری بزووتنەوەی گۆڕان چییە؟

كاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە خۆی رێك بخاتەوە، هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەر بۆ خۆرێكخستنەوەیە، لە چوارچێوەی كارەكاندایە و سەرەتا لە سەرەوە دەست پێ دەكەین، دواتر كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەكەین، ئینجا هەڵبژاردن بۆ هەموو ئۆرگانەكانی تر دەكرێت.

*بەشداری لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەن؟

ئێمە خۆمان رێك دەخەینەوە و كارە ناوخۆییەكان دەكەین، پێش هەموو شتێك ئەوەی گرنگە ناوخۆی حزب رێك بێت و گرفتەكان چارەسەر بكەین و ئۆرگانەكان دیاری بكەین، دواتر كار لەسەر دەرەوە بكەین، كار بۆ ئەوە دەكەین چۆن بتوانین لە هەڵبژاردن بەشدار بین، دواتر هەموو كارێك دەكەین لە چوارچێوەی بزووتنەوەكە، لەسەر ئەوانەی پێشتر لەگەڵ گۆڕان بوون و نیگەران بوون.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل