نرخى عو‌مره‌ دابه‌زی

:: PM:01:08:08/12/2023 ‌
نرخى عومره‌ له‌ نووسینگە‌ و كۆمپانیاكانى عو‌مره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان دابه‌زیووه‌ و خاوه‌ن كۆمپانیاكانیش باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن دابه‌زینى نرخى عو‌مره‌ پێوە‌ندیى به‌ ركابه‌ریى كۆمپانیاكان هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى حه‌ج و عومره‌ى هه‌رێم ده‌ڵێت، نرخى عو‌مره‌ په‌یوه‌ندیى به‌ نووسینگە‌ و كۆمپانیاكان هه‌یه‌ كه‌ ركابه‌رى ده‌كه‌ن، ئه‌و ركابه‌رییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتییان و ئه‌وانه‌یە عو‌مره‌ ده‌كه‌ن.

 ئێستە نرخى گه‌شتى عومره‌ به‌ رێگه‌ى ئاسمانى 750 دۆلاره‌ به‌ ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌كان و چه‌ند كه‌لوپه‌لێكى تر، له‌ كاتێكدا له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوو ئه‌و نرخه‌ له‌ 800 دۆلار به‌ره‌و سه‌ره‌وه ‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ نرخى گه‌شتى عومره‌ به‌ رێگەى وشكانى بۆ 450 تا 480 دۆلار دابه‌زیووه،‌ ئه‌وه‌یش به‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانەوە و خواستێكى زۆریشى له‌سه‌ر دروستبووه‌ به‌هۆى كه‌میى تێچوونه‌كه‌ى.

میران عه‌لى، خاوه‌نى كۆمپانیاى ئیمان به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، خواست له‌سه‌ر گه‌شتى عو‌مره‌ زۆر بووه‌، له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ نرخه‌كه‌ى هه‌رزانه‌ به‌ رێگاى ئاسمانى 750 دۆلار بۆ یه‌ك كه‌س به‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ كه‌لوپه‌ل و خواردنى سێ ژه‌مه‌، له‌ رابردوو گران بوو، ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوو نرخه‌كه‌ى به‌رزبێته‌وه‌ خواسته‌كه‌ هۆكارى ئه‌وه‌یه‌.

گوتیشى، به‌ رێگاى وشكانى له‌ كۆمپانیا بۆ كۆمپانیایه‌كى تر جیاوازى هه‌یه‌، كۆمپانیا هه‌یه‌ له‌ 450 دۆلاره‌وه‌ بۆ 500 دۆلارە به‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام خواردنى دوو ژه‌م و سێ ژه‌م جیاوازى هه‌یه‌، هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین كه‌س بۆ خۆى رابكێشێت، لە رێگاى وشكانی پاس و شوێنه‌كه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش كاریگه‌ریى له‌سه‌ر به‌رز و نزمیى نرخه‌كه‌ ده‌بێت.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى دابه‌زینى نرخى عو‌مره‌ به ‌رێگاى ئاسمانى، به‌هۆى بوونى رێگاى وشكانییە كه‌ ئێستە زۆرێك له‌ كۆمپانیا و نووسینگه‌كان گه‌شتى رێگاى وشكانییان هه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا، چوون بۆ عومره‌، ته‌نیا له‌ رێی ئاسمانی بوو، ئه‌وه‌ش وایكردبوو نرخه‌كه‌ی به‌رده‌وام به‌رز بێت، به‌ڵام ئێسته‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێی وشكانی هه‌یه‌ و كۆمپانیاكان ده‌توانن به‌ وشكانی هاووڵاتییان ببه‌نه‌ عو‌مره‌، نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێی وشكانی زیاتر خواستی له‌سه‌ره‌ و تێچوویه‌كی كه‌متر له‌سه‌ر هاووڵاتی ده‌كه‌وێت له‌ به‌رانبه‌ر رێی ئاسمانی، بۆیه‌ زۆر له‌ هاووڵاتییان په‌نایان بۆ ئه‌و رێیه‌ بردووه‌.

سه‌ریاس سه‌لیم، هاووڵاتى به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، له‌ دوو هه‌فته‌ى رابردوو گه‌شتى عومره‌ى به ‌رێگه‌ى ئاسمانى ئه‌نجامداوه بە بڕى‌ 750 دۆلار به‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك و خواردنى سێ ژه‌مه ‌و جانتا و هه‌ندێ كه‌لوپه‌لى تر، ئه‌و نرخه‌ زۆر باشه ‌و به‌رزبوونه‌وه‌ى له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتی نییه‌، رێگه‌ى وشكانیش دروست بووه‌، ئه‌وه‌ وایكردووه‌ نرخى گه‌شتى ئاسمانى هه‌رزان بێت یان نرخه‌كه‌ى رابگرێت، گه‌شتى وشكانى خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌، كاتێكیش رێگه‌ى وشكانى هه‌بێت و هه‌رزان بێت، كه‌متر خه‌ڵك به‌ رێگەى ئاسمانى ده‌ڕوات.

نیاز نه‌قشبه‌ندى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى حه‌ج و عومره‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، نرخى عومره‌ په‌یوه‌ندیى به‌ كۆمپانیا و نووسینگه‌كان هه‌یه‌، ئێمه‌ كۆمپانیاكانمان سه‌رپشك كردووه‌ و خۆیان له‌ نێوان خۆیاندا ركابه‌رى ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ند نرخیان هه‌رزان بێت و خه‌ڵك به‌لاى خۆیاندا رابكێشن و زۆرترین خه‌ڵك له‌ ده‌ورى خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و ركابه‌رییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى ئەو هاووڵاتییانەیە‌ كه‌ گه‌شتى عو‌مره‌ ده‌كه‌ن.


سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى


وشە - وشه‌