مەزهەر محەمەد: هاوردەكردنی دۆلاری كاش نرخی لە بازاڕ دادەبەزێنێت

:: PM:07:02:09/12/2023 ‌

هاوردەكردنی دۆلاری كاش لە ئەمەریكاوە بۆ عێراق بەردەوامە، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكات كە ئەو دۆلارە كاشەی هاوردە دەكرێت، دۆخی بازاڕ ئاسایی دەكاتەوە و ئەو گوشارەی لە بازاڕ لەسەر دۆلار هەیە كەم دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو، نۆی كانوونی یەكەم، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بانكەكانی عێراق لە چوارچێوەی مەرج و رێنوێنییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق دەتوانن دۆلار یان هەر دراوێكی تری بیانی بە شێوەی كاش لە ئەمەریكاوە هاوردەی عێراق بكەن، بە مەرجێك ئەو دراوەی هاوردەی دەكەن لە 20%ی سەرمایەی بانكەكە زیاتر نەبێت.

هەروەها گوتی، هاوردەكردنی دۆلار بە شێوەی كاش لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بۆ عێراق، كاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار و دینار دەبێت و گوشاری سەر دۆلار لە ئاڵوگۆڕیی بازاڕ كەم دەكاتەوە، ئەو بانكانەش لە ژێر چاودێریی بانكی ناوەندین و دەتوانن دۆلار هاوردە بكەن و بیدەنە هاووڵاتییان، چەندان بانكیش دەتوانن دۆلار هاوردە بكەن.

ئێستە نرخی دۆلار لە بازاڕ و بۆرسەكاندا بۆ 100 دۆلار 157 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، بانكی ناوەندیی عێراق دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێتە كۆمپانیا و بانكەكان.

لەوبارەوە خالید حەیدەر، پسپۆڕی بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، هاوردەكردنی دۆلاری كاش بۆ ناوخۆی عێراق، دەبێتە هۆی زۆربوونی دۆلار و كاریگەری لەسەر نرخەكەی دەبێت، چونكە لەو دۆخەی ئێستە تا دۆلار لە بازاڕ زیاتر بێت، كاریگەری بۆ سەر دابەزینی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار زیاتر دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل