راوێژكارێكی سوودانی: لە ساڵی نوێوە كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت

:: PM:08:25:09/12/2023 ‌

راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكات كە پێویستە هەرێمی كوردستان و بەغدا لەپێناو فەرمانبەرانی هەرێم نەرمی بۆ یەكتر نیشان بدەن و رێككەوتن بكەن، دووپاتی دەكاتەوە كە لە ساڵی نوێوە كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت و گرفتەكان چارەسەر دەبن.

ئەمڕۆ شەموو، عەبدوڵا عەلیاوەیی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هاتووەتە ئاراوە، بەوە چارەسەر دەبێت كە دەبێت هەردوولا نەرمی بۆ یەكتر نیشان بدەن، دەبێت لەبەر مووچەی فەرمانبەران بەغدا نەرم بێت، هاوكات دەبێت هەرێمی كوردستانیش شتێك بكا و نەرم بێت، بۆ ئەوەی پێكەوە بگەنە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی، چونكە ناكرێ هەردوولا لەسەر لووتكە بن و نەیەنە خوارێ، بۆیە دەبێت لەپێناو فەرمانبەرانی هەرێم دۆخەكە چارەسەر بێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئێستە هەیە بۆ ساڵی داهاتوو بەو جۆرە نابێت، دۆخەكە باشتر دەبێت و كێشەكان نامێنن و لەو چەند رۆژەی مانگی كانوونی یەكەم كە ماوە كێشەكان چارەسەر دەبن، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگەكانی عێراق.

جێگەی باسە، چەند مانگێكە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە وادەی خۆی دوا دەخات و هەر جارەی بە بیانووێك، ئەوەش لەكاتێكدایە كە تا ئێستە چوار مووچەی فەرمانبەرانی نەناردووە هی مانگەكانی ئەیلوول و تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل