بۆچی نرخی دۆلار لە بازاڕ دانابەزێت؟

:: PM:09:33:09/12/2023 ‌

تا ئێستە بانكی ناوەندی و حكوومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بەردەوامن، لە ماوەی چەند كۆبوونەوەیەك لە تێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هاتە سازكردن، بەڵام هێشتا نرخی دۆلار لە بازاڕ هەر بەرزە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هۆكاری مانەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ بە بەرزی بەهۆی بەردەوامیی حەواڵەی رەشە، كە لەو رێگەیەوە پارەی هاوردەكردن، بە تایبەتی بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران و سووریا دابین دەكرێت.

روونی كردەوە، ئەو بارە دۆلارانەی كە گەیشتوونەتە عێراق و لە داهاتووش دەگەن، بۆ مەبەستی دابینكردنی دۆلارە بۆ كاری بازرگانی لە ناو سەكۆی ئەلیكترۆنی نەوەك لە دەرەوەی، بۆیە نرخی دۆلار لە بازاڕ بەهۆی ئەو حەواڵە رەشانەی كە بەردەوامە هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، چونكە حكوومەت تا ئەو سعاتەش چارەسەرێكی راستەقینەی بۆ دانەناوە. 

لە ماوەی رابردوو بانكی ناوەندی عێراق چەند رێوشوێنێكی راگەیاند، لەوانە رێگەدان بە بانكە تایبەتەكان بۆ هێنانی دۆلار لە دەرەوە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستی داوا ئاساییەكان لەسەر دۆلار، لەوكاتەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەگاتە 10 ملیار دۆلار، كە زۆرینەی هی ئێرانە و پارەكەشی لە دۆلاری بازاڕ دابین دەكرێت، بۆیە نرخی دۆلار هەرزان نابێت.

ئەمڕۆ شەموو مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، بانكەكانی عێراق لە چوارچێوەی مەرج و رێنوێنییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق دەتوانن دۆلار یان هەر دراوێكی تری بیانی بە شێوەی كاش لە ئەمەریكاوە هاوردەی عێراق بكەن، بە مەرجێك ئەو دراوەی هاوردەی دەكەن لە 20%ی سەرمایەی بانكەكە زیاتر نەبێت.

هەروەها گوتی، هاوردەكردنی دۆلار بە شێوەی كاش لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بۆ عێراق، كاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار و دینار دەبێت و گوشاری سەر دۆلار لە ئاڵوگۆڕیی بازاڕ كەم دەكاتەوە، ئەو بانكانەش لە ژێر چاودێریی بانكی ناوەندین و دەتوانن دۆلار هاوردە بكەن و بیدەنە هاووڵاتییان، چەندان بانكیش دەتوانن دۆلار هاوردە بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل