شارەزایەكی وەرزشی: بڕیارەكانی ناوبژیوانی یارییەكەی عێراق دروست بوون

:: PM:07:10:29/01/2024 ‌

ئەمڕۆ هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن لە چوارچێوەی كێبركێكانی خولی 16ی پاڵەوانیەتیی جامی ئاسیای 2023 كە لە قەتەر بەڕێوە دەچێت، لە یەكێك لە یارییە بەهێزەكانی پاڵەوانیەتییەكە بەیەك گەیشتن، یارییەكە بە بردنەوەی ئوردن بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ كۆتایی هات، دوای یارییەكە عێراقییەكان، بە راهێنەر و یاریزان و هاندەرانەوە، كەوتنە تۆمەتباركردنی ناوبژیوانی یارییەكە بە لاگیریی بۆ ئوردن. 

بەر لە كۆتاهاتنی گێمی یەكەمی یارییەكە، یاریزانانی ئوردن و دوای بەریەككەوتنی جەلال حەسەن، گۆڵپارێزی عێراق و موسا تەعموری، هێرشبەری ئوردن داوای لێدانی سزایان كرد، بەڵام وەك لێدانی سزا حسێب نەكرا، جەمال شەریف، شارەزای ناوبژیوانی دەڵێت، بڕیاری ناوبژیوان دروست بوو و لێدانی سزا نەبوو.

هەر لەو یارییەدا ئەیمەن حوسێن، یاریزانی عێراق بەهۆی وەرگرتنی دووەم كارت لە یارییەكە دەركرا، ئەوەش دوای تۆماركردنی دووەم گۆڵی عێراق و ئاهەنگێڕانی بەشێوەیەكی نائاسایی، شەریف لەوبارەوە دەڵێت، یاریزانان بۆیان هەیە دوای تۆماركردنی گۆڵ خۆشی دەرببڕن و ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام نابێت بەشێوەیەكی لەرادەبەدەر و زیادەڕۆیی بكەن، نابێت هانی ئاهەنگ و سەمای تیادا بێت و پێویستە نەبێتە هۆكاری بەفیڕۆدانی كاتێكی زۆر.

روونی كردەوە، هەروەها پێویست ناكات یاریزان بۆ ئاهەنگێڕان یاریگە جێبێڵێت، چونكە شایستەی وەرگرتنی كارت دەبێت، بۆیە پێویستە زۆر بەخێرایی بگەڕێتەوە ناو یاریگە و دەشبێت كارتی پێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر گۆڵەكەش حسێب نەكرێت، دووپاتی كردەوە كە لەو حاڵەتانە كارت دەدرێت، سەركەوتنە سەر پەرژینی دەوروبەری یاریگە یان نزیكبوونەوەی زۆر لە هاندەران، بەشێوەیەك كێشەی تەناهی و سەلامەتی دروست بكات، یان ببێتە هۆی دەمارگرتن و سووكایەتی بە تیمی بەرانبەر.

شەریف ئاماژەی كرد، جیاوازی نێوان حاڵەتی یاریزانانی ئوردن و عێراق ئەوەیە كە لە حاڵەتی ئاهەنگێڕانی بەكۆمەڵ زەحمەتە سزای هەموو یاریزانەكان بدرێت، بەڵام لە حاڵەتی ئەیمەن حوسێن، ناوبژیوان ئاهەنگێڕانەكەی بە جۆرێك لە دەمارگرتن بۆ هاندەرانی ئوردن و یاریزانەكانی لێك دایەوە، بۆیە دەری كرد و لێرەش بڕیاری كۆتایی و دروست بۆ ناوبژیوانە.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل