پاڵپشتی و ئاسانكاریی حكوومه‌ت بۆ كۆمپانیاكان نرخی به‌نزینی دابه‌زاندووه‌

:: PM:02:16:03/02/2024 ‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سووته‌مه‌نیی ھه‌ولێر رای گه‌یاند، پاڵپشتیی حكوومه‌ت و ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكانی ھاورده‌كردنی به‌نزین، وایكردووه‌ نرخی به‌نزین له‌ ھه‌رێمی كوردستان رووی له‌ دابه‌زین بكات و كاریش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌رزان بێت.

ئاری كاكه‌شین به‌ڕێوه‌به‌ری سووته‌مه‌نیی ھه‌ولێر، بۆ "وشه‌" گوتی، ھۆكاری هه‌رزانبوونی به‌نزین له‌ ھه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان خۆی به‌رده‌وام به‌نزین دابه‌ش ده‌كات و ئاسانكاری ته‌واویشی بۆ ھه‌موو كۆمپانیاكانی ھاورده‌ی به‌نزین كردووه‌، به‌ مه‌رجێك كوالێتی باش بێت.

پێشتر ئاسانكاری كه‌متر بوو و ژماره‌ی كۆمپانیاكانیش كه‌متر بوون
ئه‌و ئاماژه‌ی دا، پێشتر ئاسانكاری كه‌متر بوو و ژماره‌ی كۆمپانیاكانیش كه‌متر بوون، به‌ڵام ئێسته‌ ئاسانكاریی زۆر ده‌كرێت بۆ كۆمپانیاكان و ھه‌ركۆمپانیایه‌ك به‌پێی مه‌رجه‌كان، ده‌توانێت به‌نزین ھاورده‌ بكات .

به‌گوته‌ی ئاری كاكه‌شین، ئێسته‌ به‌نزینی زۆرباشی وه‌ك لاناز و كار، نرخی هه‌ر لیترێكی ده‌گاته‌ 775 دینار و جۆره‌كانی تری به‌نزین هه‌ن كه‌ نرخیان هه‌رزانتره‌. ئێسته‌ حكوومه‌ت كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی زیاتر هه‌رزان بێت، چونكه‌ ئامانجی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ نرخی سووته‌مه‌نی به‌گشتی له‌ ھه‌رێمی كوردستان هه‌رزان بێت و نه‌بێته‌ بارگرانی بۆ خه‌ڵك.

هەولێر\بڵند ئیبراهیم



وشە - تایبه‌ت