"لەمەودوا مانگانە بەشی كوردستان لە بەغداوە دێت"

:: PM:09:30:03/02/2024 ‌

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بابەتی مووچە و پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئەو باس لەوە دەكات كە بەغدا مانگانە لە 25 بۆ سەری مانگ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات، ئاشكرای دەكات، هێشتا هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و نەهاتووەتە پەرلەمان.

*بابەتی هەمواری یاسای بودجە بەكوێ گەیشت، كە بڕیار بوو بە زووترین كات هەموار بكرێتەوە؟

تا ئێستە هەموارەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و نەهاتووەتە ناو پەرلەمان و لیژنەی تایبەتمەند، حكوومەتی عێراق دەڵێت كە بەنیازە بودجەیەكی هەمەلایەن وەربگرن و دواتر بینێرنە پەرلەمان، پێشتر بڕیار بوو بەخێرایی ئەو كارە بكرێت و تەواو بكرێت، بەڵام ئێستە بابەتەكە فراوانتر بووە و بەگشتی كاری لەسەر دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە داوای مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق كراوە، لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەوە دەكەن، بۆیە تا ئێستە هەموارەكە كاری لەسەر نەكراوە و نەبووە.

*پێت وایە بەغدا راستگۆیە لەوەی دەیەوێ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكات؟

ئەمە بەڵێنی بەغدا خۆیەتی كە دەیەوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، هەموو جارێكیش باس لەوە دەكات كە ئامانجیان ئەوەیە ئەو كێشەیە چارەسەر بێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش وەك فەرمانبەرانی عێراق مانگانە بەبێ كێشە بدرێت، بەڵام ئەگەر نێوان لە داهاتوو رووداو و پێشهاتی تر لە نێوان هەرێم و بەغدا بابەتەكە تێك بدەن ئەوە شتێكی ترە.

*تا هەمواری یاسای بودجە نەكراوە، بەغدا چۆن پارە بۆ هەرێم دەنێرێت؟

هەروەك مانگی یەك پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەبێت، مەرج نییە 618 ملیار دینار بێت، رەنگە نزیكی ئەو بڕە یان هەر ئەوەندە بنێرێت.

*بۆچی هەموو مانگێك بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا دەخات؟

لەراستیدا دواكەوتن نییە، بەغدا پابەندە هەموو مانگێگ لە 25 بۆ سەری مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە بوو بە 20ی مانگ لە ناوخۆ هەڵا دروست دەبێت و دەڵێن بەغدا پارەی دواخست، لەكاتێكدا ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لە نێوان ئەو دوو بەروارە دەبێت، وەك ئەوەی بۆ مانگی یەك رەوانە كرا، بۆیە بەغدا كاتێك دەڵێ پارە دەنێرم، واتە رێكارەكانی لەو بەروارەدا تەواو دەكات و پارەكە دەنێرێت.

*باس لەوە دەكرێت كە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی بدات، لە چەند رۆژی رابردوو بابەتێكی لەو شێوەیە هەبوو، ئەوە چەند راستە؟

ئاگاداری ئەوە نیم، بەڵام باوەڕ ناكەم شتی وا بكرێت، لە بودجەی ساڵی 2023 بڕگەی پارێزگەی ناڕازی هەیە، بەڵام ئەوە دەڵێت كاتێك گرفت هەبوو، كاتێك دادپەروەری نەبوو، حكوومەتی خۆجێ داوای لە بەغدا كرد كە پارە یان بودجەی بۆ خەرج ناكرێت، ئەوكات بەغدا رێكار دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی پارەی فەرمانبەرانی سلێمانی بنێردرێت، بەڵام ئەوە رووی نەداوە.

*ئێستە حكوومەتی خۆجێ هیچ دەسەڵاتی نەماوە و هەڵوەشاوەتەوە، كێ لەو حاڵەتەدا دەتوانێت ئەو داوایە بكات؟

ئەگەر شتێكی لەو شێوەیە رووبدات، پارێزگاری سلێمانی دەتوانێت ئەو داوایە لە بەغدا بكات، بەڵام ئەمە رووی نەداوە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل