له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا شەش شەڕڤانی كورد گیانیان له‌ ده‌ست دا

:: AM:10:38:05/02/2024 ‌
له‌ هێرشێكی درۆنی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامیی عێراق بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا، شەش شەڕڤانی كورد سه‌ربه‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گیانیان له‌ ده‌ست دا.

ئه‌مڕۆ پێنجی شوباتی 2024، ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕای گه‌یاند، له‌ هێرشێكی درۆنیی ئه‌م به‌یانییه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، شەش شەڕڤانی كورد له‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ بۆ سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی بووه‌ كه‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌ كوردییه‌كانی لێ نیشته‌جێن، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی له‌ ناو سوپای ئه‌مه‌ریكا، به‌منزیكانه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بزانرێت ئایا هیچ سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكا گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.

جێی باسه‌ هێرشه‌كه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كه‌ی سه‌ربه‌ ئێران له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی كردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك هێرش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ له‌ دوای كوشتنی سێ سه‌بازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ له‌ ئوردن.


وشە - ئارا هێمن