شارەزایەكی كەشناسیی بڵاوی كردەوە، سبەی لە درەنگانی شەودا ئەگەرەكان كراوە دەبن بۆ چالاكبوونی هەورە برووسكە و بەهۆیەوە ئەگەری نمە باران و تاوە بارانی بەخووڕ هەیە و روونیشی كردووەتەوە تا رۆژی یەكشەمی داهاتوو كەشوهەوای هەرێم ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت و هاوكات هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە بیابانەكانی عێراق داوە.
ئەمڕۆ هەینی 9ی شوباتی 2024، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسیی بڵاوی كردووەتەوە، لە ئەنجامی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناسەقامگیربوونی بەرگە هەوا، سبەی ئاسمانی هەرێم بە زۆری نیمچە هەور دەبێت و لەكاتەكانی ئێوارەیش دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و بەمهۆیەش لە هەندێك ناوچە هەورە برووسكە و تاوەباران و هەندێك ناوچەی تری هەرێمیش لە درەنگانی شەودا ئەگەری تاوە بارانی بەخووڕ هەیە.
لەبارەی نەخشەی دابەشبوونی بارانەكانیشەوە "نمە باران و تاوەبارانی بەخووڕ" ئاراس جەبار روونی كردووەتەوە، لە بەشێكی سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركووك تاوە باران و هەورەبرووسكە پێشبینی دەكرێت و هەندێكیشیان تاوەبارانی بەخووڕ و ئاماژەی بەوەیش داوە لە ناوچەكانی تری هەرێمدا پێشبینی هیچ جۆرە بارانێك ناكرێت و تەنیا ئاسمان هەوراوی دەبێت.
شارەزاكەی كەشناسیی روونی كردووەتەوە لە سبەیەوە بارێكی ناسەقامگیری كەشوهەوا ناوچەكە دەگرێتەوە و تا بەرەبەیانی یەكشەم بەردەوامیی دەبێت.
لە كۆتایی بڵاوكراوەكەی ئاراس جەباردا هۆشداری بە دانیشتووانی خوارووی عێراق داوە لە دروستبوونی لافاو لە بیابانەكان و روونی كردووەتەوە، لەئەنجامی بەھێزی ناسەقامگیریی كەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی ناوەراست و بەتایبەتیش بیابانەکانی باشوور و باشوری رۆژئاوای عێراق سبەی لەکاتە جیاوازەکانی رۆژ و شەودا، ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبرووسکەی زۆر توندەوە ئەگەری باران و تەرزەی بەھێز و بەلێزمە هەیە و ئەگەر ھەیە لەھەندێ ناوچەی باشووری عێراق و بەتایبەت بیابانەکانی "روتبە" لە پارێزگای ئەنبار بەھۆی زۆری بارانەکەوە لافاو دروستبێت.