ئێوارەی ئەمڕۆ مامۆستایەكی خانەنشینكراو لە بەغدا لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە دەستڕێژی گولەی كرایە سەر و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.
ئەمڕۆ هەینی نۆی شوبات، سەرچاوەیەكی پۆلیس بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە، لە ناوچەی "حوریە" لە باكوری بەغدا، چەند چەكدارێكی نەناسراو كە ماتۆرسكیلیان پێبووە مامۆستایەكی خانەنشینكراو لە نزیك ماڵەكەی خۆی دەدەنە بەر دەستڕێژی گولە و بەهۆیەوە مامۆستا خانەنشینكراوەكە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
زیاتر هاتووە، تۆمەتبارانی رووداوەكە هەڵاتوون بۆ شوێنێكی نادیار و تا ئێستە نەگیراون.
لەلایەكی ترەوە هاوسەری مامۆستا خانەنشینەكە بە پۆلیسی راگەیاندووە، پێنج ملیۆن دیناریش لە ماڵەكەیان دیار نەماوە و دزراوە.
ئەم رووداوەی ئەمڕۆی بەغدا لەكاتێكە، چەند رۆژێك پێش ئێستە چەند چەكدارێكی نەناسراو پزیشكێكی لەدایكبوون و منداڵانیان بە دەستڕێژی گولە كوشت لە ناوەڕاستی بەغد و تا ئێستەیش نەگیراون.