واشنتن پۆست: لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەوڵەتی فەلەستین ڕادەگەیەنرێت

:: AM:11:28:15/02/2024 ‌
لە چەند هەفتەی داهاتوو، ئەمەریکا و چەند دەوڵەتێکی عەرەبیی هاوپەیمانی ئەمەریکا، پلانێکی گشتگیر بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕادەگەیەنن، کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی شوباتی 2024 ''واشنتن پۆست'' ئاشکرای کرد، هەریەک لە ئەمەریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکان لەبارەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین ڕێککەوتوون و کلیل و کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەش بۆ فەلەستینییەکان، لە ئاگربەستی ئاشتیی شەڕی غەزەوە سەرچاوە دەگرێت.

بڕیارە بەمزووانە ئاگربەست بۆ شەڕی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕابگەیەنرێت، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە درێژەی دەبێت، بە گوێرەی پلانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین، لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەدا، بایدن پلانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کاتی بۆ فەلەستینییەکان ئاشکرا دەکات، کە تێیدا بۆ یەکەمین جار ڕۆژئاوا و جیهان ددان بە مافی فەلەستینییەکاندا دەنێن و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەیناسێنن.

بەڵام تاکە نادڵنیایی لەبارەی سەرکەوتنی پلانەکە لە ئیسرائیلەوە سەرچاوە دەگرێت، ئاژانسە هەواڵگرییەکان نیازی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگ بە ئەرێنی وێنا ناکەن و پێیان وایە ئیسرائیل پلانەکە ڕەت دەکاتەوە، پلانەکە کۆمەڵێک خاڵ لەخۆ دەگرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕەت کرابوونەوە، بۆیە پێناچێت ئێستە و لەسەردەمی ئەم حکوومەتە ڕاستڕەوەی نەتەنیاهۆدا، پلانەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە پەسند بکرێت.

بەندەکانی پلانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین پێکهاتووە لە، دەرکردنی ئەو بنکە نوێییانەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە بەرەی ڕۆژئاوای فەلەستین جێگیر کراون، ڕۆژهەڵاتی قودس وەک پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینی بناسێنرێت، هەروەها حکوومەتی داهاتووی فەلەستینی دەسەڵاتی بەسەر هەریەک لە کەرتی غەزە و بەرەی ڕۆژئاواشدا هەبێت.

لە بەرانبەر ئەو خاڵانەی سەرەوە، بەڵێنی تەناهی و پاراستنی کیانی ئیسرائیلی دەدرێت بە ئیسرائیلییەکان و دەوڵەتە عەرەبییەکانی وەک سعودیە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دادەمەزرێنن.

میدیاکان دەڵێن، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە گەورەترین دەستکەوت بۆ ئیدارەی بایدن و لە کۆتاییدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دژ بە دۆناڵد ترەمپ بەکاریدەهێنێت.


وشە - ئارا هێمن