"یەكێتی دەیەوێ باری لاری راست بكاتەوە و خەڵك متمانەی پێ بدەنەوە"

:: PM:07:54:15/02/2024 ‌

ئەو موزایەدە و چەواشەكارییەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیكا و بە كاری باش و ئازایەتی بە خەڵكی سلێمانی دەیفرۆشێتەوە، كاتی خۆی هەر خۆی ئەو كەسانەی دروست كردووە و كردوونی بە مافیا و رێگر و سەرانەوەرگر و رێگر، ئێستەش هاتووە دەیەوێ بە خەڵك بڵێت من رێگری لەو كەسانە دەكەم ببنە هۆكاری دروستبوونی ناسەقامگیری و نائارامی و ئاژاوە و كێشە بۆ خەڵك.

ساڵانێكە كوێخا دێرین عوزێری و چەندانی تر لە سنووری پارێزگەی سلێمانی دیوەخان و قەڵایان هەیە، ئەوان لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەكێتیدا خۆیان دروست كردووە و بوونەتە خاوەنی شوێن و موڵك، بەڵام پشتەوەی بابەتەكە ئەوەیە كە یەكێتی تا كاری بەو كەسانە بێت پاڵپشتییان دەكات، كاتێكیش كاری پێیان نەما، بۆ چەواشەكردنی خەڵك دەست بە گرتن و هەڵكوتانە سەریان دەكەن، بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێن ئێمە رێگری لەو كەسانە دەكەین و رێگە نادەین سلێمانی ناشیرین بكەن.

لەوبارەوە ئاراز سەلیم، هاووڵاتیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ئەگەر كوێخاكە كاری نایاسایی كردووە وەك ئەوەی ئەوان باسی دەكەن، ئەگەر شوێنی داگیر كردووە، ئەی چۆن و لە كوێ ئەو هەموو قیرەی ناو قەڵاكەی كردووە، ئەوكات چۆن كرا و چۆن رێگەی پێ درا، ئەوكات بۆ یاسایی بوو، ئێستە بۆچی نایاساییە، جیاوازییەكە چییە؟

سامان جاف، وەك چالاك و چاودێر بە "وشە"ی گوت، لە سلێمانی كاری نایاسایی زۆر هەیە، بۆیە ئەگەر ئەوانەی دەسەڵاتداری سلێمانین راست دەكەن، شتی تریش هەیە، ئەگەر ئەوان دەڵێن رێگری لە كەسانی لەیاسا دەرچوو دەكەن، ئەی مەگەر ئەوان لەكوێ بوون كە ئەو هەموو كار و زەوی و قەڵا و پەرژین و كارەیان كردووە، ئەی بۆ ئەوكات ئاگایان لێ نەبوو و ئێستە خەبەریان بووەتەوە.

روونی كردەوە، ئەگەر ئەوان بەدوای كەسانی لەیاسادەرچوون، ئەوە زۆر كەسی تر هەیە، بەڵام خۆیان دروستیان كردوون و كاریان پێ دەكەن، ئەمانە هەتا ئیشیان بە كەسێك هەبێت لای خۆیان كەسی باشە و یاساییە، یانی هەموو سلێمانی تەنیا قەڵا و دیوەخانێكی تیادابوو، ئەی ئەو هەموو شوێنە كە لە رابردوو داگیر كراوە چی؟، بۆیە هەركەس بەدوای قسەی ئەوان نەكەوێت لەیاسادەرچووە، ئەمە راستییەكەیە، بەو كارانە دەیانەوێ دڵی خەڵكی خۆش بكەن و باری لاری خۆیان راست بكەنەوە.

پێویستە ئەوە بگوترێ كە لە ماوەی رابردوو چەندین پەرلەمانتاری كوردستان، دەیان دۆسیەی گرنگیان لەسەر پارێزگەی سلێمانی و داگیركاریی زەوی و تەخشان و پەخشانكردنی زەوی لە پارێزگەكە بڵاو كردووەتەوە و ئاشكرا كردووە، بەڵام هیچ رێوشوێنێك نەگیراوەتەبەر، كە بەهایان سەتان ملیۆن دۆلارە و كەسانی دەستڕۆیشتوو ئەو كارانە دەكەن.

بە بۆچوونی چاودێر و هاووڵاتییان، هەركات نزیكی هەڵبژاردن دەبێتەوە، یەكێتی ئەزانێت دۆخی ناوخۆی حزبەكە باش نییە و خەڵك لێی توڕەن، دەست دەكەن بە چەواشەكاری و هەندێك كار دەكەن بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێن ئێمە خزمەتی خەڵك دەكەین و ئامانجمان ئەوەیە خەڵك لە دۆخێكی ئاسوودەدا بن.

لای خۆیەوە تەحسین غەریب، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەر حزبێك پێش هەڵبژاردن هەندێ كاری كرد، ئەوە ئاشكرایە ئامانجەكە بۆ ئەوەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بكات، حزبێك جێی دەستی لە خزمەتكردنی خەڵك دیار نەبێت و خەڵك هیوای پێی نەبێت، ناچارە پەنا بۆ هەندێك شت ببات كە خۆی پێی وایە دەتوانێت بەو جۆرە دڵی خەڵك خۆش بكات.

دوای رووداوەكەی دوایی رووخاندن و تەقاندنەوەی دیوەخانەكەی سنووری سلێمانی، رۆژنامەوان و شارەزایان دووپاتیان كردەوە كە سلێمانی قەڵا و دیوەخانی زۆری نایاسایی تیادایە كە پێویستە بڕوخێندرێت، ئەوەش وەك وەڵامێك بوو بۆ ئەو چەواشەكارییانەی یەكێتی كە لە سلێمانی دەستی پێ كردووە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت