بەشەخۆراكی 600 هەزار هاووڵاتی دەبڕێت

:: AM:10:26:17/02/2024 ‌
وەزیری بازرگانیی عێراق رای دەگەیەنێت، لە نوێكردنەوە و تۆماری ئەلیكترۆنیی پسوولەی خۆراك، بەشەخۆراكی مانگانەی 600 هەزار كەسی ناشایستە بڕاوە.

 ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، ئەیسەر داود وەزیری بازرگانیی عێراق رای گەیاند، حەوت ملیۆن كەس لەناو تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی سەبەتەی خۆراك وەردەگرن، ئەمەیش رێگر بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراكییەكان.

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێ نرخی خۆراكەكان لە مانگی رەمەزاندا سەقامگیر ببن، بەو پێیەی بەر لەو مانگانە بڕێكی زۆری مادە خۆراكییەكان دەخرێتە بازاڕەوە.

باسی لەوەش كرد، یەك ملیۆن تۆن گەنم لە كۆگەكانی وەزارەتەكەیدا هەیە و لە رێی سەبەتەی خۆراكییەوە توانیویانە ئاسایشی خۆراك دەستەبەر بكەن.

وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، لە پرۆسەی نوێكردنەوەی ئەلیكترۆنیی پسوولە خۆراك، 600 هەزار كەسی ناشایستە، بەشەخۆراكی مانگانەیان بڕاوە.

بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، ئێستە لە پارێزگاكانی نەجەف و دهۆك و بەسرە تەواو بووە، بڕیارە لە مانگی نیسان لە هەولێر و سلێمانی و چەند پارێزگایەكی تر دەست پێ‌ بكات.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 45 بۆ هەزار كەس بەشەخۆراكیان دەبڕێت بەهۆی باشی بژێوی ژیانیان و بەرزیی مووچەكانیان.



وشە - رامیار جەواد