كتێبی "لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا" چاپ و بڵاو كرایەوە

:: PM:01:31:17/02/2024 ‌
"لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا" كتێبێكی تری سدیق سەعید ڕواندزییە، ناوەڕۆكی ئەم كتێبە لە كۆمەڵە گوتارێكی ئەدەبی لەبارەی عەبدوڵا پەشێو و شیعرەكانیەتی، نووسەر خوێندنەوەی بۆ بەشێك لە شیعرەكانی پەشێو كردووە و پەیامی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە شیعرەكانی شاعیر خستووەتە ڕوو.

سدیق سەعید ڕواندزی لەبارەی كتێبەكەیەوە بە "وشە"ی گوت، لەم كتێبەدا شوێن و ژیانی شاعیر، كاریگەریی غەریبی و ڕەنگدانەوەی لە شیعرەكانیدا، تیشكم خستووەتە سەر.

نووسەر لەبارەی یادەوەریی خۆی لەگەڵ شیعری پەشێودا دەڵێت، لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، كاتێك قوتابیی پۆلی پێنجەمی وێژەیی بووم لە قوتابخانەی دواناوەندی ڕواندزی كوڕان، بۆ یەكەمجار پەشێو و شیعرەكانیم ناسی. ئەوكات لە ڕێی قوتابییەكی هاوڕێمەوە، كۆمەڵە شیعری "شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم" و "ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم"، بینی و خوێندەوە.

"ئەو شیعرانەی زۆر كاریان لێ كردم و چێژێكی بێ سنوورم لە دنیای شیعری پەشێو وەرگرت، بەتایبەتیش شیعرەكانی كاك و نیازێك هەڵوەری و لە دەستم دێ و نیازم وابوو، گەلێكی تریان. ئەو كاتیش، خۆم لە كەفوكوڵی عەشقێكی ڕۆمانسییانە دەژیام، ئیتر ئەمە وایكرد شیعرە ڕۆمانسی و دڵدارییەكانی پەشێو، ئەوەندەی تر لە ڕِووی هەست و سۆزی ڕۆمانسی و خۆشەویستییەوە، كارم لێ بكەن و لە ناو دەریای خۆشەویستیدا كەیلی زیاتری شیعرەكانی بم، شەوانی درێژی زستان، ژووان لەگەڵ شیعرەكانی ببەستم . لە پاڵ شیعرە ڕۆمانسییەكانی پەشێو، شیعرە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەكانیشی كاریان لێ كردم، چونكە ئەو ڕۆژگارە سەروبەندی دنیای خامۆشی و نەهامەتی دوای كارەساتی ئەنفالی گەلی كورد بە دەستی ڕژێمی شۆڤێنی بەعس بوو". سدیق سەعید ڕواندزی وای گوت.

نووسەری كتێبەكە بۆ "وشە" زیاتر دوا و گوتی، هەموو ئەمانە بەسەر یەكەوە، تاسەی ئەوەیان نەشكاندم كە تەنیا شیعرەكان بخوێنمەوە، بەڵكو بڕیارم دا سەرجەم شیعرەكانی ئەو كۆمەڵە شیعرە، بە دەست لە تێنووسێكدا بنووسمەوە و ئێستەش ئەو تێنووسەم و وەك یادگارییەكی جوان و پڕ بەها، هاوشێوەی ئەڵماسێكی بە نرخ ماوە و لە كتێبخانەكەمدا هەڵمگرتووە.

نووسەر ئاماژەی بەوە دا كە كاریگەریی پەشێو نەك تەنیا لەسەر نەوەی من، بەڵكو بە ئێستەشەوە نەوەكان شەیدای شیعری پەشێون. پەشێو ڕەنگە هەمان ئەو وزە و تینە شیعرییەی جارانی بە هۆی چوونە ناو تەمەن و ژیانكردن لە غەریبی بۆ ماوەی نیو سەدە زیاتر نەمابێت، بەڵام شیعرەكانی هەمیشە ماونەتەوە و كاریگەرییان لەسەر دنیابینی و بگرە ئەزموونی نووسینی گەلێك لە شاعیرانی گەنج و تازەنووس هەبووە، كە بە جۆرێك ڕەنگە لەگەڵ خوێندەوەیان، هەست بە دەنگ و ڕەنگی پەشێو لە شیعرەكانیان بكەین. پەشێو هەر تەنیا شاعیرێك نییە، بە بڕوای من ئەزموون و قوتابخانەیەكی شیعریش بوو، بۆیە ئاساییە كەسانێك لە ژێر كاریگەریی شیعری ئەو، شیعر بنووسن و لاسایی بكەنەوە، وەلێ نابێ دواجار ئەوەمان لە بیر بچێت كە پەشێو هەر پەشێوە و كەس ناتوانێت وەك ئەو بێت. 

سدیق راندزی دەڵێ، ئەم شاعیرە هەر تەنیا شیعرەكانی نا، بەڵكو گوفتار و هەڵوێست و نووسینەكانیشی وەك شیعرەكانی نەتەوەییانەن. كەم ڕووداوی مرۆیی و نەتەوەییانە هەیە لە شیعری ئەودا ڕەنگی نەدابێتەوە، شاعیرێك بووە هەمیشە لەگەڵ ئازاری نەتەوەكەی ژیاوە و لە سەنگەری كوردبووندا بووە، بۆیە شایانی ئەوەیە خۆی و شیعرەكانی تاهەتایە لە سەریان بنووسرێت. 

جێی ئاماژەكردنە ئەم كتێبە، ئەم ماوەیە لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی ئەحمەدی خانی لە سۆران چاپ و بڵاو كراوەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز