"حه‌واڵه‌ی‌ نێوان شاره‌كان دانه‌خراوه‌"

:: PM:05:52:20/02/2024 ‌
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی راگرتنی حه‌واڵه‌ له‌ نێوان شاره‌كان، راوێژكاری ئابووریی محه‌مه‌د شیاع سوودانی له‌و باره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت، هه‌ر حه‌واڵه‌یه‌ك له‌ نێوان شاره‌كان ده‌بێت له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ بانكییه‌كانه‌وه‌ بێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 20ی‌ شوبات، مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د راوێژكاری ئابووریی سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراقى فیدراڵ، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، هه‌ر حه‌واڵه‌یه‌ك له‌ نێوان شاره‌كان بكرێت و ئه‌گه‌ر  گواستنه‌وه‌ له‌ نێوان شاره‌كاندا به‌ دراوی بیانی بۆ پێداویستی گه‌شتیاران هه‌بێت، ده‌بێت له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ بانكییه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

باسی له‌وه‌ كرد، تا ئێسته‌ دیار نییه‌ ئایا حه‌واڵه‌ی نێوان شاره‌كان راگیراوه‌ یان، به‌ڵام بانكی ناوه‌ندی به‌رده‌وامه‌ له‌ رێكاره‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار دابه‌زێت.

ئه‌و راوێژكاره‌ هاووڵاتییانی‌ دڵنیا كرده‌وه‌، کە رێكاره‌كان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار نزیكی نرخی فه‌رمیی بانكی ناوه‌ندی بێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش بانكی ناوه‌ندی ده‌ستكراوه‌یه‌.


سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - وشه‌