سەركردەیەكی دیموكرات: چاوەڕوانی ئەوەمان لە یەكێتی نەبوو كە یارمەتی ئێران بدات

:: PM:08:50:21/02/2024 ‌

دوای ئەوەی شەوی‌ رابردوو هاتە بڵاوكردنەوە كە بڕیارە بافڵ تاڵەبانی، فەرمانێكی سوپای پاسدران بە لێدانی خەندەقێكی گەورە بە دەوری كەمپی "ئازادی -2"، جێبەجێ بكات، كە ژن و منداڵ و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی تیادایە، ئەندامێكی دەفتەری سیاسیی حزبەكە وردەكاریی پلانەكە و دوایین زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.

حەسەن قادر زادە، ئەندامی دەفتەی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزێكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دنەی دەوڵەتی ئێران، هاتبوونە سەر كەمپی ئاوارەكانی دیموكرات لە كۆیە و دەیانویست كە خەندەق بە دەوری كەمپی دیموكرات لێ بدەن، بەڵام كارەكەیان راگیرا و ئێستە دۆخەكە ئارامە و هیچ هێزێك لەوێ نەماوە.

روونی كردەوە، خۆشبەختانە هیچ جۆرە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەردوولا رووی نەداوە و زیانی گیانی و مایەكی نەبووە، دووپاتی كردەوە، هیچ كات چاوەڕوانی ئەو هەڵوێستە لە یەكێتی ناكەین كە شەڕمان لەگەڵ بكات، ئەو هەڵوێستەشی جێی نیگەرانی ئێمەیە و پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە.

قادر زادە ئاماژەی كرد، ئەم هێزە بە بیانووی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و ئێران هاتبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران ئەو خاڵەی تێدا نییە كە خەندەق لە دەوری كەمپی ئاوارەكانی ئێمە هەڵكەندرێت، لەكاتێكدا ئەو كەمپانە مەدەنیین و ژن و منداڵی تێدا دەژیت، ئەوەش دوورە لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ كە پەلاماری ژن و منداڵ بدەیت و نیگەرانیان بكەیت.

"كورد هەموو بران، بەڵام بەداخەوە چاوەڕوانی ئەوەمان لە یەكێتی نەبوو كە یارمەتی دەوڵەتی داگیركەری ئێران بدات، ئەوە ئەگەر بمانەوێ ئێمەش بەشی ئەوە دەتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین و دژی ئەو هەوڵانە بوەستین، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەو حزبە كە دوای ئەو هەموو پێوەندی و هاوئاهەنگییە مێژووییەی لە نێوانمان هەیە، كەچی هەڵوێستی بەو جۆرەیە بەرانبەرمان و  دەیانویست خەندەقێكی گەورە بە دەوری كەمپی ئازادیی لێبدرێت، كە ژن و منداڵی تێدا دەژی و زیاتر لە 30 ساڵە ئەو كەمپە لەو شوێنەدایە و هیچ گرفتێكی بۆ كەس دروست نەكردووە"، حەسەن قادر زادە، ئەندامی دەفتەی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وا دەڵێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت