بەدواداچوونی وشە: 11 رۆژی مانگی رەمەزان فەرمانبەران لە ماڵەوە رۆژووەكانیان دەگرن و لە پشووی فەرمیدا دەبن

:: PM:09:50:23/02/2024 ‌
كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ گەیشتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، هەرچەندە هێشتا كات ماوە بۆ چاودێری كرنی مانگ و راگەیاندنی یەكەم رۆژی مانگەكە بەفەرمی، بەڵام بەپێی لێكدانەوەی پەیمانگا فەلەكییە عەرەبییەكان یەكەم رۆژی مانگەكە دەكەوێتە 11ی مانگی ئاداری داهاتوو. 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" بە پشت بەستن بە رۆژژمێری فەرمی حكوومەتی هەرێم و لێدەركردنی رۆژانی "هەینی و شەموو" كە پشووی بەردەوامی هەفتانەن و دەوامی فەرمی لەو دوو رۆژانەدا نییە، دەردەكەوێت كە لە مانگی رەمەزاندا ، 11 رۆژ پشووی فەرمی دەبێت، بەم پێیە یەك لەسەر سێی مانگەكە فەرمانبەران لە ماڵەوە دەبن لەكاتی بەرۆژوو بووندا. 

بەپێی رۆژژمێری پشووەكانی حكوومەتی هەرێم، 11ی مانگی ئادار بەهۆی یادی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 پشووە و دەكەوێتە رۆژی دووشەممە، لەلایەكی تریشەوە  14ی ئادار كە دەكەوێتە رۆژی پێنجشەمی مانگی داهاتوو، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی بارزانی نەمرەوە پشووی فەرمییە. 

یەكەم رۆژی جەژنی نەتەوەیی "نەورۆز" دەكەوێتە رۆژی پێنجشەم، بەم هۆیەوە تەنیا یەك رۆژی جەژنەكە بەر پشوو دەكەوێت سەبارەت بە رۆژانی دەوامی ئاسایی و هەینی و شەموویش كە دووەم و سێیەم رۆژی جەژنی نەورۆزن، خۆی پشووی ئاسایی هەفتانەیە.

لە لایەكی تریشەوە چوار جار هەینی و چوار جاریش رۆژی شەموو، كە پشووی ئاسایی هەفتانەن دەكەوێتە ناو مانگی رەمەزان و بەم هۆیەیشەوە هەشت رۆژ پشووی ئاسایی مانگانە دەكەوێتە ناو مانگەكە.

دەرئەنجام: هەشت رۆژی پشووە ئاساییەکانی هەفتانە (هەینی و شەموو) و سێ رۆژیش پشووەکانی تری ساڵانە کە لەلایەن رۆژژمێری حکوومەتەوە ئاماژەی پێکراوە، کەواتە لە کۆی گشتی 29 یا 30 رۆژی رەمەزاندا، فەرمانبەران 11 رۆژ لە پشووی فەرمیدا دەبن.



وشە - پۆڵا مەحموود