دارایی پەرلەمانی عێراق: بەغدا مانگانە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات

:: PM:05:15:24/02/2024 ‌

دوای بڕیاری چوارشەمی رابردووی دادگەی فیدراڵیی عێراق، بابەتی رەوانەكردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە چووە ناو قۆناغێكی ترەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراقی ناچار كردووە بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مانگانە پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵی، وەزارتی دارایی عێراق ناچار دەكات كە بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی تەواوی پارێزگەكانی عێراق، پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش رەوانە بكات.

روونی كردەوە، بڕیاری دادگەكە روونە و هەر لایەنێك بەربەست بخاتە بەردەم جێبەجێكردنی هەر بڕگەیەكی، خۆی دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە، بۆیە مەبەست لە جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەران، دروستكردنی بنكەیەكی زانیاری و رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی ناوەكان.

عەتوانی ئاماژەی كرد، پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە، بەشێك دەبێت لە پارەی تەرخانكراو لە پشكی هەرێم لە بودجە كە 12.67%یە، ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ پڕۆژەكان و پێویستیی دامەزراوەكانی هەرێم تەرخان دەكرێت، دووپاتی كردەوە، بۆ لەمەودوا بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم رەوانە دەكات، دەشبێت بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم بە شێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكەن، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاساییانە خەرج بكرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل