ئه‌و ژنه‌ی‌ بڕیاری‌ هێرشی‌ مووشه‌كیی‌ ده‌دا كوژرا

:: PM:02:44:27/02/2024 ‌
میدیای‌ توركیا ئاماژه‌یان بۆ ئۆپراسیۆنێكی‌ "میت" داوه‌ كه‌ له‌ قامیشلۆ، ئه‌مینه‌ سه‌ید ئه‌حمه‌دیان كوشتووه‌ كه‌ ناوه‌ نهێنییه‌كه‌ی "ئازادی دێریك"ـه‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسانی یه‌په‌گه‌-یه‌په‌ژه‌ و به‌ڕه‌گه‌ز سوورییه‌.

میدیاكانی‌ توركیا ده‌ڵێن، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ ته‌ناهییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، ئه‌مینه‌ سه‌ید ئه‌حمه‌د كه‌ له‌ ساڵی 2011دا پێوه‌ندیی كردووه‌ به‌ ڕیزه‌كانی پەكەكە كە توركیا پێیان دەڵێت، /ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌/ و پیلاندانه‌ری هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی‌ توركیا بوو، له‌لایه‌ن میته‌وه‌ خراوه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مینه‌ سه‌ید ئه‌حمه‌د كه‌ ناوه‌ نهێنییه‌كه‌ی "ئازادی دێریك"ـه‌، فه‌رمانی كردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی‌ توركیا له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی لقی زه‌یتوون له‌ ناوچه‌ی ته‌ل ڕه‌فعه‌ت.

وه‌ك میدیاكان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مینه‌ سه‌ید ئه‌حمه‌د فه‌رمانی كردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ كلیس. 

جێی ئاماژەیە كە تا ئێستە میدیاكانی پەكەكە ئاماژەیان بە كوژرانی ئەو بەرپرسەیان نەكردووە. 




وشە - وشه‌