شارەزایەكی ئابووری: عێراق كێشەی سیولەی دراوی هەیە

:: PM:09:58:28/02/2024 ‌

سەرەڕای ئەوەی عێراق یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان و رۆژانە بڕێكی زۆری نەوت دەفرۆشێت، بەڵام بە هۆكاری سیاسی و گەندەڵی و سیاسەتە ئابوورییە شكستخواردووەكانی، نەیتوانیوە وەك پێویست خزمەت بە عێراقییەكان بكات، چەند مانگێكە مووچەی فەرمانبەرانی دوا دەكەوێت، شارەزایەك هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

نەبیل جەبار تەمیمی، شارەزای دارایی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ بوونی تەنگژەیك لە سیولەی دراو دەگەڕێنێتەوە، ئەو باسی ئەوە دەكات كە تەنگژەیەكی راستەقینەی سیولەی دراو، واتە وشكە پارەی دینار، هەیە، بۆیەش وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابینكردنی پارەی مووچە، پارەی وشكە لە بانكی ناوەندی دێنێت، بانگەكەش پارەكە لە فرۆشتنی دۆلار دابین دەكات. 

روونی كردەوە، هاوكات بەهۆی ئەو چاودێرییەی ئەمەریكا لەسەر بانكی ناوەندی سەبارەت بە حەواڵەی دۆلارەوە هەیە، بانكەكە توانایەكی سنوورداری بۆ كاری حەواڵەكردن و فرۆشتنی دۆلار هەیە و رۆژانە بانكەكە لە دەوروبەری 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، واتە لە مانگێك 22 رۆژ ئەو كارە دەكات و مانگانە نزیكەی چوار ملیار دۆلار دەفرۆشێت، كە دەكاتە پێنج ترلیۆن و ساڵانەش دەكاتە 65 ترلیۆن دینار، ئەو ژمارە تەنیا قەبارەی فرۆشتنی دۆلاری بانكی ناوەندییە. 

ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد، لە بەرانبەر بەوە بودجەی عێراق لە سەرووی 200 ترلیۆن دینارە، بۆیە تەنگژەیەكی راستەقینەی سیولەی دراو هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە چەند مانگی رابردوو، ئەگەرچی تەنگژەكە زۆر قووڵ نییە، بەڵام كێشەی لە دابینكردنی سیولە دروست كردووە، سەرەڕای بوونی دۆلارێكی زۆر، بۆیەش حكوومەتی عێراق پەنا بۆ پارەدانی ئەلیكترۆنی دەبات، بۆ ئەوەی ناچاری چاپكردنی دینار نەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل