وادەكە كۆتایی هات و سوودانی كۆبوونەوەی دووەمی دەكات

:: AM:11:11:29/02/2024 ‌
بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، بۆ جاری دووەم محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببێتەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی شوبات، ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە رۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی‌ حكوومەتی عێراقی راگەیاندووە، سێشەمی داهاتوو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەگەڵ سوودانی كۆ دەبنەوە.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكە بۆ پێشكەشكردنی پێشنیازەكانیان و كار و بەرنامەی هەر یەكێك لەو لایەنانە، لەگەڵ میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و رێككەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانە.

باسی لەوەش كرد، لایەنەكان پێویستیان بەوەیە كاتێكیان بۆ دیاری بكرێت تا كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگار هەڵبژێرێت، بە كراوەیی كۆتایی بە كۆبوونەوەكە بێت بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لە بەردەم هێزە سیاسییەكاندا بكاتەوە.

لە 20 ـی شوبات بەسەرپەرشتی سوودانی و بەئامادەبوونی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كۆبوونەوە و لەسەر ئامادەكردنی كارنامەیەكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە رێككەوتن.


وشە - رامیار جەواد