ئێران بە مریشک عێراقی داگیر كرد

:: PM:05:06:29/02/2024 ‌

لیژنەی كشتوكاڵی لە ژووری هاوئاهەنگیی ئێرانی ڕای گەیاند، دەستیان بە هەناردەكردنی مریشك بۆ وڵاتانی تر كردووە و عێراقیش یەكەم وڵاتە كە مریشكبارانیان كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 29ی شوبات، ئەرسەلان قاسمی، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی لە ژووری هاوئاهەنگیی ئێرانی ڕای گەیاند، دوێنێ بارێكی هەزار تۆنی مریشكمان بەرەو عێراق ناردووە و ئێستە دەمانەوێت بازاڕی تر بۆ فرۆشتنی مریشكەكانمان بدۆزینەوە.

بەپێی گوتەكانی قاسمی، هێشتا 10 بۆ 15 هەزار تۆن مریشكی زیادەیان هەیە كە دەیانەوێت تا كۆتایی ساڵ دەبێت بیفرۆشن. كۆتایی ساڵ بە ڕۆژژمێری ئێرانی، واتە تا 20ی ئادار، مانای وایە دەیانەوێت لە ماوەی بیست ڕۆژدا هەرچۆنێك بێت تەواوی مریشكە زیادەكەیان بەسەر وڵاتانی تردا ساغ بكەنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە بۆ ئاژانسی ئیرنای وڵاتەكەی ئاشكراى كردووە، دەتوانن ساڵانە سێ ملیۆن تۆن مریشك بەرهەم بهێنن، بەڵام ئێستە بەهۆی كەمیی پێداویستی، تەنیا دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن لە ساڵێكدا دێتە بەرهەم.

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی لە ژووری هاوئاهەنگیی ئێرانی نەیشاردەوە، ئامانجێكی ئەوان لە فرۆشتنی ئەم مریشكانە، گەیشتنە بە پارەی بیانی. ئەمەش واتە دەیانەوێت بەناوی مریشكەوە، لە ڕێگەی عێراقەوە جارێكی تر بگەن بە دۆلار.


وشە - عەبدوڵا عومەر