کۆمپانیای ئەپڵ: مۆبایلەکانتان مەخەنە ناو برنجەوە

:: PM:05:46:29/02/2024 ‌
کۆمپانیای ئەپڵ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو سەرنجە باوە بڵاوکردەوە کە پێی وایە، بۆ وشککردنەوەی مۆبایل لە دوای کەوتنە ناو ئاو بیخەینە ناو برنجەوە چاک دەبێت و وشک دەبێتەوە، ئەپڵ دەڵێ، ئەگەر مۆبایلەکانتان بخەنە ناو برنجەوە ئەوا زیانی گەورەی بەردەکەوێت لە داهاتوو.

کۆمپانیا بەناوبانگەکەی بواری تەکنەلۆجیا ڕای گەیاندووە، کاتێک مۆبایلەکانتان بە مەبەستی وشککردنەوە دەخەنە ناو برنجەوە، ئەوە ئەگەری زۆرە تەنۆلکە بچوکەکانی برنجەکە بچنە ناو مۆبایلەکەوە و زیانی گەورە بە مۆبایلەکانتان بگەیەنن.
مۆبایلەکانتان مەخەنە بەر گەرما
لەبرى ئەوەی مۆبایلەکانتان بخەنە ناو برنجەوە، کۆمپانیای ئایفۆن پێشنیاری ئەوە دەکات بە ئەسپایی و بە نەرمی دەست بدەین لە مۆبایلەکە و بیتەکێنین تا ئاوەکە لە مۆبایەکە دەردەکەین، دواتر لە ناوچەیەکی وشک بەجێی بهێڵە کە هەوای هەبێت و بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەستکاری مەکە لەو شوێنە وشکە، هەروەها خۆت بەدوور بگرە لەوەی بیخەیتە بەردەم گەرمیی دەستکرد یان بە وشککەرەوەی کارەبای (موجەفیفە) وشکی بکەیتەوە.

کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێ، شوێنی بارگاویکردنەوەى مۆبایلی ئایفۆن بەرگەی ئەوە ناگرێت بیخەیتە ناو برنجەوە، بۆیە ئێستە سیستمی بەرگریکردن لە ئاومان تۆکمەکردووە و تکا لە بەکارهێنەران دەکەن ڕەچاوی ڕێنماییە زانستییەکان بکەن بۆ پاراستنی مۆبایەلەکانیان.


وشە - ئارا هێمن