پسپۆڕێكی تەكنەلۆجی لەبارەی "هەژماری من" زانیاریی نوێ دەردەخات

:: PM:04:48:24/03/2024 ‌

بەپێی زانیارییەكانی پسپۆڕێكی تەكنەلۆجی، هەژماری من دەتوانێت كوردستان بگەیەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتنی جیهانی، بەڵام پێویستە هەر كەس كە بەشدارە لەو پرۆسەیە، ئاگەداری ڕێنماییەكان بێت.

ئەمڕۆ یەكشەم، 24ی ئادار، سەركەوت شابان، خاوەنی گرووپی پرۆتێكس بۆ كاروباری تەكنەلۆجی بڵاوی كردەوە، ئەمە خەونی هەموو ئەو گەنجانەیە کە دەیانەوێت ئێمەش لە بواری تەکنەلۆجیا هیچمان کەمتر نەبێت لەگەڵ وڵاتانی تر و هەموو وڵاتێک پێویستە لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکاندا بڕوات و دوا نەکەوێت، بەڵام پێویستە بە پەیڕەو و پرۆگرام بێت.

لەبارەی ئەو پەڕەو و پرۆگرامەوە، چەند خاڵێكی خستووەتە ڕوو كە   پێویستە هەر كەس  لە "هەژماری من" بەشدارە، ئاگەداریان بێت و تێیدا هاتووە: ژمارەی سەر كارتەكەت، بە براكەشت مەدە. کورد، میللەتێکی خۆش باوەڕین، پێمان وایە خۆمان باش بین، بەرامبەریش وایە، زۆر جار ئێمە وەک کۆمپانیا، کە زانیومانە کێشەیەک لە ئەکاونتی ڕێکلامی کەسێک هەیە، لە خاوەن ئەکاونتەکەمان پرسیەوە، ٤ ژمارەی کۆتایی کارتەکەت چەندە؟ لە وەڵامدا، وێنەی كارتەكەی گرتووە و بۆی ناردووین.

هەروەها لەبارەی ئامێرەكەوە سەركەوت شابان دەڵێت، هەڵگری کارت، هەر کارتێک لە ئامێری ATM یان POS بەکار بهێنێت، هەموو داتاکان دەباتە سەر سێرڤەرێکەوە. هاککەر(دز) دەتوانێت مامەڵە بە کارتەکە بکات بەدڵی خۆی. ئەم شتەی باسی دەکەین، تەنها سیمکارتێک و چەند تەلێکی پێویستە و لەسەر ئامێرەکان دادەندرێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات، پێویستە ئامێرەكان لە شوێنێكدا بن كە كامێرای بەسەرەوەیە و پێش بەکارهێنانی کارتەکەت ئامێرەکە بپشکنە.

یەكێك لە جیاوازییەكانی كارتی هەژماری من لەگەڵ تەوتینی عێراقی ئەوەیە، ئەمەی كوردستان جیهانییە و دەتوانیت لە هەر شوێنێك بیت كارتەكەت بەكار بهێنیت و كڕین و فرۆشتنیشی پێوە بكەیت، بەڵام وەك شابان دەڵێت، ئەمەش پێویستە بە وریاییەوە بێت و نووسیویەتی، لە خۆتەوە لە ڕێی ئۆنلاین پارە لە شوێنێكدا خەرج مەكە باوەڕپێكراو نەبێت. ئەوانەی دەمێكە كارتی بانگ بەكار دەهێنن، باشتر دەتوانن بزانن شوێنی باوەڕپێكراو كوێیە. پێویستە بەكارهێنەرانی "هەژماری من" بۆ گەڕانەوە بۆ كەسانی شارەزان، كارەتەكەیان نەخەنە ناو هیچ بازاڕێكی ئۆنلاینەوە.

"دڵنیا بن لە ئێستەوە ئەوانەی كە بیر لە دزیكردن دەكەنەوە، خۆیان بۆ ئامادە كردووە، چونكە بە ئاسانی دەتوانن دزی لە كەسانی نەشارەزا بكەن." سەركەوت وا دەڵێت.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی، خۆی سیستەمی "هەژماری من" جیهانییە و پارێزراوە، زۆر عەیبە چیتر لە دونیا داببڕێین و هەموو هاووڵاتییەك كارتی بانكی نەبێت، بەڵام پێویستە هەموو کەس ئاگەداری ڕێنماییەكان بێت، پێش ئەوەی بە نەزانیی خۆی تووش ببێت و ئینجا یەخەی حكوومەت بگرێت.



وشە - وشه‌