ئه‌مڕۆ دووشه‌م 25ی ئادار ڕێك ساڵێك به‌سه‌ر وه‌ستاندنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا و له‌وێشه‌وه بۆ بازاڕه‌كانی دنیا تێده‌په‌ڕێت، ڕووداوێك كه تا ئێسته ملیاران دۆلار زیانی به داهاتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ده‌رهێنانی نه‌وت گه‌یاندووه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌كرد و به‌و پاره‌یه‌ی له هه‌نارده‌كردنه‌كه ده‌ستی ده‌كه‌وت، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی دابین ده‌كرد.
دادگای پاریس
هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به بڕیاری حكوومه‌تی توركیا وه‌ستێنرا، ئه‌ویش دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس كه سكاڵایه‌كی حكوومه‌تی عێراق له دژی توركیای یه‌كلا كرده‌وه، فرۆشتنی نه‌وت له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه به بێ ئاگاداری و مۆڵه‌تی حكوومه‌تی عێراقی، به نایاسایی هه‌ژمار كرد.
دادگهكه یه‌كلای كرده‌وه كه توركیا به بێ مۆڵه‌تی عێراق له ساڵی 2014 تا 2018 نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی فرۆشتووه و ڕێككه‌وتنێكی ساڵی 1973ی پێشێل كردووه. به‌پێی حوكمی دادگاكه ده‌بێ توركیا ملیارێك و 470 ملیۆن دۆلار بداته عێراق و به پێی هه‌ندێك بڕگه‌ی تری بڕیاره‌كه، عێراقیش ڕاسپێرا بۆ هه‌ندێك سه‌رپێچی قه‌ره‌بووی توركیا بكاته‌وه.
هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌وكات نزیكه‌ی 0.5%ی كۆی پێداویستیی دنیا به نه‌وتی دابین ده‌كرد
پچڕانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش كه تا ئه‌وكات نزیكه‌ی 0.5%ی كۆی پێداویستیی دنیا به نه‌وتی دابین ده‌كرد، كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌بوو و بۆ ماوه‌یه‌ك لای ژماره‌یه‌ك وڵاتی كڕیاری نه‌وتی كوردستان قه‌یرانی وزه‌ی هێنایه كایه‌وه.
دوای ئه‌م ڕووداوه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق، كه‌وتنه دانوستان و له پرسی فرۆشتنی نه‌وت به ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر گه‌یشتن و هه‌رێمی كوردستان به‌وه ڕازی بوو مافی فرۆشتنی نه‌وت، به كۆمپانیای نیشتمانیی به بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق بدرێ كه به "سۆمۆ" ناسراوه، به مه‌رجێك مافه داراییه‌كانی دابین بكرێت و داهاتی نه‌وت بێته سه‌ر هه‌ژمارێكی بانكیی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان.
خه‌رجییه‌كانی ده‌رهێنانی نه‌وت
دواتر سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێككه‌وتنه به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری كه لای كورد ناڕه‌زایه‌تی لێ كه‌وته‌وه، له یاسای بودجه‌شدا جێگیر كرا. له یاسای بودجه‌دا ئه‌وه چه‌سپێنراوه كه هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه 400 هه‌زار هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بكات، به‌ڵام هیچ ڕێكارێك بۆ هه‌نارده‌كردنه‌كه ده‌ستنیشان نه‌كرا. جگه له‌مه له یاسای بودجه‌دا حكوومه‌تی عێراق، بڕیاری دا خه‌رجیی ده‌رهێنانی نه‌وت هاوشێوه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له عێراق كار ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستانیش خه‌رج بكات، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه.
پرسی خه‌رجیی ده‌رهێنانی نه‌وت بووه‌ته له‌مپه‌رێكی سه‌ره‌كیی به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان.
خه‌رجیی ده‌رهێنانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به خه‌رجییه‌كانی به‌غدا زۆر زیاتر بوون، چونكه جۆری گرێبه‌سته‌كانیش جیاواز بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023، توركیا ڕه‌زامه‌ندیی پێشان دا له‌وه‌ی دووباره نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده بكرێته‌وه، به‌ڵام پرسی خه‌رجیی ده‌رهێنانی نه‌وت بووه‌ته له‌مپه‌رێكی سه‌ره‌كیی به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان.
كۆمپانیاكانی نه‌وت له كوردستان
كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان كه به ئه‌پیكور APIKUR ناسراوه، دوێنێ یه‌كشه‌م له ڕاپۆرتێكدا باسی له كێشه‌كانی پێوه‌ندیدار به كۆمپانیاكان و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت كرد و ڕای گه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان به‌گه‌ڕ خستووه، به‌ڵكو بتوانن دووباره ده‌ست به به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌رجه‌م گفتوگۆكان تا ئه‌م ساته بێ ئاكام بوون.
كۆمه‌ڵه‌كه له مانگی شوباتی 2023 له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum و نزیكه‌ی مانگێك به‌ر له وه‌ستاندنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان دامه‌زرابوو.
11 ملیار دۆلار زیان
كۆمه‌ڵه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ته‌نیا خۆیان زیانیان به‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵكو زیانه سه‌ره‌كییه‌كه به‌ر حكوومه‌تی عێراق كه‌وتووه و 11 ملیار دۆلار زیانی به داهاتی عێراق گه‌یاندووه.
ئه‌و كۆمپانیایانه داوایان كردووه هه‌ر جۆره ڕێككه‌وتنێك كه له نێوان حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ، ئه‌وانیش تێیدا به‌شدار بن و دڵنیاییان پێ بدرێت له پێدانی پاره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له ڕابردوو و بۆ داهاتووش. هه‌روه‌ها به پێویستیان زانیوه ڕاسته‌وخۆ پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی كۆمپانیاكانی ئه‌ندام له ئه‌پیكور، ڕاسته‌وخۆ بدرێته ئه‌و كۆمپانیانه و شێواز و ڕێككه‌وتنه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی ئێسته‌ی كۆمپانیا ئه‌ندامه‌كانی ئه‌پیكور وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه.
حکوومەتی عێراق قه‌یرانی تری بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌ته كایه‌وه
جێی باسه حكوومه‌تی عێراق له كاتێكدا بۆ پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكان به هیچ ڕێككه‌وتنێك نه‌گه‌یشتووه، له هه‌مان كاتدا قه‌یرانی تری بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌ته كایه‌وه و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌یه‌كی درێژه له مووچه بێبه‌ش كراون و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا به‌غدا ده‌خوازێت ڕێكاری نوێی بانكی و دارایی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌تی كردوونه‌ته‌وه.