پێش ئەوەی سەدام لە سێدارە بدەن خەریكی ڕۆماننووسین بووە

:: PM:08:29:25/03/2024 ‌

كتێبێكی نوێ لەسەر دوایین ساتەكانی سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق نووسراوە، تێیدا ئاشكرای دەكات كە ئەو پێش لەسێدارەدانی، خەریكی نووسینی ڕۆمانێك و تۆماركردنی بیرەوەرییەكانی تەمەنی بووە.

ستیڤ كوڵ، نووسەری ئەمەریكی، دوایین كتێبی لەسەر سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراقە و تێیدا باسی پێوەندییەكانی ئەو سەرۆكە و سی ئای ئەی ئەمەریكی و هۆكاری داگیركردنی عێراق باس دەكات و بە خراپترین هەڵەی مێژووی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی هەژماری دەكات. هەروەها ئەوەش ئاكرا كراوە كە سەركردەكانی وڵاتەكەی چۆن چاوپۆشییان لە كیمیاییبارانی هەڵەبجە و شەڕ لە دژی كورد و زۆر شتی تر كردووە و خۆیان بۆ شل كردووە تا هەموو ئەو تاوانانە بكات.

نووسەری كتێبەكە دەڵێت، سەدام لە دوایین ساتەكانی ژیانیدا، خەریكی تۆماركردنی یاداشتی خۆی بوو، بەڵام ساڵی 2003 كاتێك ئەمەریكییەكان گرتیان، دەستیان بەسەر هەموو شتەكانیدا گرتووە و بۆ ئەرشیڤی واشنتن گواستراونەتەوە و هەرگیز بڵاویان نەكردووەتەوە، بۆیە خۆی پاش هەوڵێكی چەند ساڵە، توانیویەتی كۆپییەكی لە بەشێكی زۆری ئەو ئەرشیڤە دەست بكەوێت و كتێبەكەی لە ڕوانگەی ئەو بەڵگانەوە نووسیوە.

بەپێی ئەو بەڵگانەی ستیڤ كوڵ دەستی كەوتووە، سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە دوایین ساتەكانیدا سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێك بووە، هەروەها زۆر بایەخی بە ڕێزمانی عەرەبی داوە. تەنانەت لەو كاتانەی كە ئەمەریكا و بریتانیا خۆیان بۆ داگیركردنی عێراق ئامادە كردووە، ئەو چونكە بە هەڵمەتێكی بانگەشەی زانیوە و بڕوای پێ نەبووە، خەریكی نووسینی ڕۆمانەكەی بووە.



وشە - عەبدوڵا عومەر