بەهمەنی قوبادی بووە پزیشك

:: AM:09:20:27/03/2024 ‌
ژنێكی گەنجی ئەمەریكی له گەشتێكی فڕۆكەی نێوان ئیستانبوڵی توركیا و لۆس ئەنجیلۆسی ئەمەریكا، له ڕێی بووژانەوەی دڵ لەلایەن سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی، له مردن ڕزگاری بوو.

ڕۆژی شەموو 16ی ئادار، هونەرمەندی دیاری كورد بە فڕۆكەی توركیش ئێرلاینز لە ئیستانبوڵەوە بەرەو لۆس ئەنجیلۆس گەشتی دە‌كرد،  گیانی ژنێكی تەمەن 32 ساڵەی ئەمەریكی لە مردن ڕزگار كرد.

"زۆزان" یەكێك لە گەشتیارەكانی هەمان فڕۆكە بوو، لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕای گەیاندووە، لەو كاتەدا  هەموو گەشتیارەكانی ناو فڕۆكە‌كە لە خەودا بوون، ژنێكی تەمەن 32 ساڵی ئەمەریكی لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەكەی دەگەڕانەوە وڵاتەكەی خۆیان، لە ناكاو تووشی وەستانی نۆرە دڵ بووە، بەهمەن قوبادیی سینەماكاریش كە دۆخی ژنەكە دەبینێت، بە خێرایی لێدانی دڵی دەپشكنێ.

ئەو گەشتیارە دەڵێت، بەهمەنی قوبادی نەوەستاوە تا ستافی فڕۆكەكە و هاوكارەكانیان بگەنە ئەوێ، دەستبەجێ خۆی بەخێرایی هەناسەی دەستكردی بۆ كردووە و چالاكی یارمەتیدەر CPR و ئەنجامدانی مەساجی دڵ لەسەر قەفەسەی سینگی بۆ كردووە، دۆخی ژنەكە ئاسایی بووەتەوە و بەوەش لە مردن رزگاری كرد.

پاشان هەموو سەرنشینی فڕۆكەكە بەو بابەتەیان زانیوە، لەگەڵ ستافی فڕۆكەكە و خێزانی نەخۆشەكە سوپاس و پێزانیان بۆ دەربڕیوە و دەستخۆشییان بۆ ئەو كارە گەورەیە لێ كردووە.

بەهمەنی قوبادی هونەرمەندێكی سینەماكاری كوردە، بەفیلمەكانی چەندان خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەكیی وەرگرتووە، ئێستە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، لەوێوە خەریكی كارە هونەرییەكانیەتی.



وشە - سۆران عەزیز