وەزیری رۆشنبیری: هونەری شانۆ لە كوردستاندا قۆناغی سەختی بڕیوە

:: PM:12:10:27/03/2024 ‌
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شانۆیە و وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەم بۆنەیەوە دەڵێت، هونەری شانۆ لە كوردستاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندیی كوردی و كوردستانی وەرگرتووە.
 
حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە ڕاگەیەنراوێكی بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆوە پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە شانۆكارانی كوردستان دەكات.
 
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "لەم بۆنەیەدا بە چاوی رێز و ئەمەكدارییەوە یادی شانۆكارانی هەمیشە زیندوو دەكەینەوە كە كۆچی دواییان كردووە و ئێستە لەناوماندا نین تا ئەم یادە بكەنەوە، بەڵام ئێمە یادی ئەوان، وەك پێشەنگ و مامۆستا و رێبواری رێی دامەزراندنی شانۆ دەكەینەوە، كە لە رۆژە سەختەكانی باری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، شانیان دایە بەر باری دانانی بەردی بناغەی ئەم هونەرە گەورە و كاریگەرە".
 
وەزیری رۆشنبیری و لاوان هەروەها دەڵێت: "هاوكات ناوی هەموو ئەو شانۆكارانە بەرز رادەگرین كە بەم هونەرە، خزمەتی بزاڤی رۆشنبیری و ئازادیخوازی گەلەكەمانیان كرد و گیانی خۆیان لە پێشمەرگایەتی لە رووبەڕوبوونەوەی دیكتاتۆریدا بەخشی و چوونە كاروانی شەهیدانەوە".
 
بە بڕوای حەمەی حەمەسەعید، هونەری شانۆ لە كوردستاندا، لەپاڵ هەموو ژانرەكانی تری هونەرە جوانەكاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندیی كوردی و كوردستانی وەرگرتووە، بە چەندان رایەڵیش خۆی گرێ داوە لە شانۆی گەلانی تر، بە تایبەتی لە رێی وەرگێڕانی دەقە شانۆییە ناودارەكان و سەرلەنوێ نمایشكردنەوەیان بە شێواز و دنیابینی خۆماڵی.
 
وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە كۆتاییدا پەیامەكەی ئاڕاستەی شانۆكارانی تاراوگە دەكات و دەڵێت: "جێی خۆشحاڵیشمانە، ئێستە ژمارەیەكی بەرچاو لە شانۆكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات چوونەتە ناو جووڵانەوەی شانۆیی ئەو وڵاتانەوە، كە تێیدا دەژین و تەنانەت بوونەتە كەسایەتی دیار و خاوەنی شانۆ و ئەزموون و لابۆری تایبەت بە خۆیان و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەردەگرن".
 
ساڵانە لە 27ـی ئادار یادی رۆژی شانۆ دەكرێتەوە، بەم بۆنەیەوە چەندان چالاكی شانۆیی لە سەرانسەری دنیا ساز دەكرێن، لە كوردستانیش ساڵانە یادی دەكرێتەوە و بەرهەمی شانۆیی، سیمینار و رێوڕەسمی تایبەت بەو رۆژە پێشكەش دەكرێن.



وشە - سۆران عەزیز