بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی دەستبەجێ نرخ لە بازاڕ هەرزان دەكات

:: PM:10:35:27/03/2024 ‌

ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی موژدەئامێزی بۆ سووكردنی بارگرانیی دۆخە ئابوورییەكەی لەسەر شانی هاووڵاتییان دەركرد، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە كە بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەت كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخەكان دادەبەزن، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش دووپاتی دەكاتەوە كە لەدوای بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەت، لیژنەكان بەشێوەیەكی چڕ دەخرێنە بازاڕەوە بۆ چاودێریكردنی نرخەكان.

جیا لە دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵ، بڕیارێكی تری سەرۆكی حكوومەت لێخۆشبوونی گومرگی بوو بۆ گۆشت و ئاژەڵی هاوردە بە رێژەی 20% ، ئەوەش وا دەكات نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكاندا لەو نرخەی ئێستە لە بازاڕ هەیە و لە سەرو 20 هەزار دینارە بۆ هەر كیلۆیەكی دابەزێت.

لەوبارەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بڕیارانەی سەرۆكی حكوومەت كە لە چەند بوارێكی جیاجیا دەری كرد، كاریگەریی راستەوخۆ و گرنگی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، راستییەكەی ئەو بڕیارە هەر لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركرا، چونكە ئەو سێ كەرتەی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ زۆرترین قەرزی لای هاووڵاتییانە و بەهۆیەوە دەیان هەزار كەس سوودمەند دەبن، هەر ئەوەش كاریگەریی زۆر باشی لەسەر بازاڕ دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارانە دۆخی بازاڕ جێگیر دەكا و كاریگەری لەسەر نرخ دەبێت، چونكە دابەزاندنی هەموو باج و رسوماتێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و نرخەكان هەرزان دەبن، چەند لێخۆشبوونی گومرگی بكرێت، ئەوەندە زیاتر نرخ دادەبەزێت و خەڵكیش بەهۆیەوە سوودمەند دەبن، چونكە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داهاتێكی زیاتر بۆ حكوومەت، لەگەڵ ئەوەشدا قەرزەكە لەسەر هاووڵاتییان نامێنێت، هەروەها لێخۆشبوون لە كرێی دوكانداران و ئەوانەی لە موڵكی حكوومەت و شارەوانین، سووككردنی باری سەر شانیانە، دوكاندارێك 20%ی كرێكەی كەم بكرێتەوە، واتە بۆ هەر ملیۆنێك دینار، 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر كرێكەی 500 هەزار دینار بێت 100 هەزار دینار نادات و پارەكە دەچێتەوە گیرفانی كەسەكە بۆ شتێكی تر سوودی لێ وەردەگرێت.

"بەهۆی بڕیارەكانی حكوومەت، لیژنەكانی چاودێری بازرگانی دەستكراوە دەبن و بەشێوەیەكی چڕتر چاودێری بازاڕ دەكەن، چونكە ئەو بڕیارانەی لێخۆشبوونی گومرگی كە دەرچووە، دەبێت بەهۆیەوە دەستبەجێ نرخ هەرزان دەبێت، بەتایبەتی گۆشت، كە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كراوە و دەبێت لە بازاڕ نرخەكەی زۆر دابەزێت، دوای دابەزاندنی ئەو نرخانە، چاودێری دەكەین هەر كەس و دوكاندارێك، بەتایبەتی قەسابەكان، پابەند نەبن سزا دەدرێن"، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم وا دەڵێت. 

لای خۆیەوە فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە رابردوو رێوشوێنی زۆر گیرایە بەر و داوامان لە حكوومەت كرد بۆ ئەوەی بەشێكی گومرگی سەر گۆشت كەم بكاتەوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت وەك خەمخۆرێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان ئەو كارەی كرد و بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر بازاڕی گۆشت دەبێت و نرخەكە راستەوخۆ و لەو نرخەی ئێستە هەیە دادەبەزێت، دووپاتی كردەوە كە چەندین رێكاری تر گیراونەتە بەر بۆ ئەوەی نرخی گۆشت دابەزێت، بۆیە لیخۆشبوونی گومرگیی گۆشت نرخی گۆشت هەرزان دەكات.

هەر پێوەست بە بڕیارەكە و كاریگەریی لەسەر بازاڕ، شەوكەت حاجی، قەساب بە "وشە"ی گوت، لێخۆشبوونی 20%ی باجی سەر هاوردەكردنی گۆشت، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی گۆشت لە بازاڕەكان دەبێت، ئێستە نرخی یەك كیلۆ گشتی سوور لە بازاڕ لە سەروو 20 هەزار دینارە، كاتێك لێخۆشبوون كرا، نرخەكە زیاتر دادەبەزێت و ئەوكات دێتە خوار 20 هەزار دینارەوە، بەوەش دۆخەكە بەراورد بەوەی ئێستە هەیە ئاسایی دەبێتەوە.

روونی كردەوە، كەسانێك هەن ناتوانن 22 هەزار دینار بدەن بە كیلۆیەك گۆشت، بەڵام كە نرخەكەی هاتە خوار 20 هەزار دینار تا رادەیەك باشترە، چونكە گۆشت خۆراكێكی سەرەكییە و خەڵك حەزی پێ دەكات، كە نرخەكەی هەرزان بێت لە رووی دەروونییەوە خەڵك ئاسوود دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل