هۆكاری گرانكردنی نرخی بەنزین لە عێراق چییە؟

:: PM:11:34:30/03/2024 ‌

سێشەمی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی سەبارەت بە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە شەقامەكانی بەغدا دا، لەوانە جیاكردنەوەی كاتی دەست پێكردن و كۆتاهاتنی دەوامی رۆژانەی فەرمانگە و قوتابخانە و كۆلێجەكان، هەرەوەها گرانكردنی نرخی بەنزین، ئەوەش لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتووەوە، ئەو بڕیارە جیا لە ناڕەزایەتی، پرسیاری ئەوەی دروست كرد ئاخۆ هۆكار و سوودی چییە؟

عومەر حەلبووسی، توێژەری ئابووری دەڵێت، ئەگەری هەیە بڕیارەكە تەقینەوەیەكی جەماوەری لێ بكەوێتەوە، بەهۆی ئەوەی گوشارێكی ترە بۆ سەر ئەوان و بابەتی سووتەمەنی پێوەستە بە ژیانی رۆژانەیان، لەوكاتە دۆخی ئابووری و توانای كڕین لەپاشەكشەدایە و هەڵاوسان روو لە هەڵكشانە.

ئاماژەی كرد، ئەو بڕیارەی حكوومەت بە گرانكردنی نرخی بەنزین، بڕیارێكی هەڵەیە و گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هاووڵاتییان، چونكە جیا لە نرخی سووتەمەنی، دەبێتە هۆی زیادبوونی كرێی گواستنەوە و مادەكانی تریش. لەبری ئەو بڕیارە، كە هیچ سوودێكی ئابووری نییە و تەنیا زیادكردنی بارگرانی سەر شانی خەڵكە و دۆخەكە خراپتر دەكات، دەبوایە حكوومەت باج لە زانكۆ تایبەتەكان وەربگرێت لێخۆشبوونیان هەڵبوەشێنێتەوە، كە ساڵانە بەو هۆیەوە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار زەرەر دەكات.

"جیا لە زیادكردنی بەرهەمێنانی سووتەمەنی، بۆ كۆتاهێنان لە هاوردەكردنی سووتەمەنی لە ئێران، چونكە عێراق دەتوانێت هەموو جۆرەكانی سووتەمەنی بەرهەم بێنێت، بەڵام دەستوەردانی دەرەكی هەموو چالاكییە ئابوورییەكانی ناوخۆیی پەك خستووە. ئەو بڕیارە لەناو كورتهێنانێكی گەورەی بودجەدا دێت و حكوومەت دەیەوێ بەشێكی لە رێگەی نرخی بەنزین قەرەبوو بكاتەوە"، حەلبووسی وا دەڵێت.

لەو كاتەی حەلبووسی بڕیارەكە و هۆكاری پەكخستنی گەشەی ئابووریی لە عێراق بۆ بڕیاری دەرەكی دەگەڕێنێتەوە، كە دەیانەوێ عێراق تەنیا بازاڕێك بێت بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان، زیاد هاشمی، راویژكاری ئابووری پێی وایە گرانكردنی نرخی بەنزین گورزێكی لەناكاوە بۆ ئابووری و كۆمەڵگای عێراقی، كە رەنگە حكوومەت پەنا بۆ زیادكردنی باجیش ببات، ئەگەرچی حكوومەت بە خەڵك ناڵێت هۆكاری بڕیارەكەی چییە، بەڵام رەنگە وەك پابەندییەكی حكوومەت بێت بە راسپاردەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، كە دووپاتی دەكاتەوە  پێویستە عێراق سەرچاوەی داراییەكەی جۆراوجۆر بكات.

ئەو راوێژكارە پێشبینی خراپتری كرد و گوتی، حكوومەت دەیەوێ داهاتی داراییەكەی زیاتر بكات و كورتهێنانی بودجە كەم بكاتەوە، و رێگری لە زیادبوونی قەرزەكانی بكات، بڕیارەكە دوای شكستهێنانی بانكی ناوەندی لە دابینكردنی پێویستی وەزارەتی دارایی لە دینار لە رێگەی فرۆشتنی دۆلار هات، كە وای كرد وەزارەتی دارایی بەدوای سەرچاوەی تری پارە بگەڕێت، بەڵام لە حاڵەتی بەردەوامبوون لەو رەوتە، ئەگەری هەیە حكوومەتی عێراق پەنا بۆ زیادكردنی باج ببات، بەتایبەتی لە بوارەكانی خزمەتگوزاری و گواستنەوە و بازرگانی و گەشتیاری، ئەوەش بۆ زیادكردنی پارەی هاتوو بۆ گەنجینەی دەوڵەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل