پێشكەشكارێك پەرلەمانتارێكی ناردە دادگە

:: PM:08:08:02/04/2024 ‌

سەحەر عەباس، خانمە پێشكەشكاری یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان، داوای یاسایی لە دژی مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری عێراق بەرز كردەوە، چونكە سنووری بەزاندووە.

مستەفا سەنەد لە پۆستێكی فەیسبووكیدا ڕووی كردووەتە خانمە پێشكەشكارەكە و نووسیویەتی: سەحەر عەباس، بزانە من ناتوانم ڕەنج رۆڤەر و جی كڵاست بۆ بكڕم یان شوقەیەكت لە عەمان بۆ بكڕم" ئەمەش بەپێی ئەو داوایەی لە دژی بەرز كراوەتەوە، هێمایەكی ڕوونە بۆ سووكایەتی بە سەحەر و تۆمەتباركردنییەتی بەوەی ئەو شتانەی لە بەرپرسی تر وەرگرتووە.

داواكار لە شكاتەكەیدا نووسیویەتی، ناوبراو (سەحەر) هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ داواكراودا نییە تا وای لێ بكات تۆمەتی لەو جۆرەی لەسەر بڵاو بكاتەوە و لە بەردەم ڕای گشتیدا ناوی بزڕێنێت و هەرگیز هیچ داوایەكی مادی لێ نەكردووە تا بەو شێوەیە لەسەری قسە بكات.

بەپێی دەنگۆی سۆشیاڵ میدیای عێراقی بێت، ئێستە پەرلەمانتار و بەرپرسەكانی حكوومەتی عێراق، لە ڕێی لەخشتەبردنەوە بە زەبری پارەی زۆر و كڕینی ئۆتۆمبێل، دیاردەی كچە مۆدێل و پێشكەشكاری مۆدێلستیان لە عێراقدا زیاد كردووە و خەریكە دەبێتە خێراترین پیشە بۆ پەیداكردنی پارە.


وشە - عەبدوڵا عومەر