نازم هەركی بۆ یەكێتی: هیچ شانازییەكیان لە چارەسەركردنی كێشەی مووچە نییە و نابێت باسی بكەن

:: PM:08:52:06/04/2024 ‌

ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییانی دەكات، بێ مەرامە و تەنیا ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتییانە، بە پێچەوانەی حزب، كە هەر كارێك بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیكا و ئامانجێكی خۆی تێدایە، یەكێتیش لە رابردوو دەستی بۆ هەر شتێك بردبێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بووە، بەرپرسێكی پارتی پیێی وایە كە یەكێتی وەك حزب بە جیا كاری كردووە و هیچ دەستكەوتێكی نەبووە، تەنیا ئەوەی كردووە كە دژی هەرێم و بۆ لاوازیی قەوارەی هەرێم بووە.

نازم هەركی، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی حزبێكی بەرژەوەندخوازە، ئەوەی لە ‌بەرژەوەندیی خۆیدا نەبێت نایكات و هەوڵی بۆ نادات، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە بۆ ئەوەی مافەكانی خۆی و خەڵكی كوردستان لە بەغدا وەربگرێت و ستەم لە هەرێم نەكات، بەڵام یەكێتی بەجیا وەك حزب كاری كردووە، دیارە حزبیش هەرچی بكات بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیكات، هیچ دەستكەوتێكیشی نەبوو، تەنیا ئەوەیان كرد دژی هەرێمی كوردستان و بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێم كار بكەن، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەوان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن نەك بەرژەوەندیی گشتی.

زیاتر گوتی، ئەو كارانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیكات، لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و تەنیا دەیەوێ خزمەت بكات و ئەو كارانە بكات كە پێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە و بەپێی كارنامەكەی خۆی كار بكات، لەوكاتەی یەكێتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیان جار رووی كردە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حكوومی كۆ دەبووەوە، كەچی یەكجار ئامادە ‌نەبوو بۆ مافی هاووڵاتییان روو بكاتە بەغدا و داوای مافی خەڵك بكات.

ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی كردەوە، حزبێك لە بەرژەوەندیی خۆی زیاتر هیچ بەرژەوەندییەكی نەوێت، خەڵكیش سزای دەدات، ئەو سیاسەتەی ئەو حزبە گرتوویەتییەبەر لە بەرژەوەندیی میللەت نییە، ئەوان هیچ شانازییەكیان لە چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران نییە و نابێت باسی چارەسەركردنی كێشەی مووچە بكەن.

لای خۆیەوە كاوە فەتحوڵا مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی گوت،  لەم كاتەدا كە نزیك دەبینەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، چەواشەكاری و موزایەدەی لایەنەكان دەست پێ دەكات، هەر یەكەیان دەیەوێ لەسەر هەوڵەكانی حكوومەت باسی پاڵەوانبوونی خۆی بكات، هەر پارتێكی سیاسی كە لە رابردوو باس لە پێگە و رۆڵی خۆی دەكات، دەبێت ئێستە باشتر رۆڵی هەبێت و زیاتر داكۆكی لە رابردوو لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و كوردستان بكات، بەڵام ئەوانە هیچكات رۆڵی گرنگیان نەبووە و تەنیا بە دژبەری كاریان كردووە.

روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان هەمیشە چاویان لەوەیە حزبەكان بەرگرییان لێ بكەن، شاندی حكوومەت دەچوونە بەغدا نوێنەری یەكێتی تیادا نەبوو، شاندەكانی حكوومەت داواكاریی مافی خەڵكیان بۆ بەغدا پێیە، بۆیە دەبێت حزب بە كردەوە بیسەلمێنێت كە داكۆكیكاری مافی خەڵكە، ئەو بەرنامەیەی كە حزبەكەی لەسەری دروست بووە، بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكان دەكاتە قوربانیی بەرژەوەندیی گشتی، هیچ لایەنێك ئازایەتی ناكات بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكات، دەبێت هەمووان سیمایەكی جوان پێشان بدەن.

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی بۆ خەڵك بكات بەرژەوەندیی خۆی تێدا نییە، حكوومەت ئەركی خزمەتكردن و وەڵامدەرەوەی داواكاریی هاووڵاتییانە، بەڵام حزب بەو ئاراستە كار ناكات و هەمیشە بەدوای ئەوەیە كە بەرژەوەندیی خۆی لە كوێ بێت لەوێ كار بكات"، كاوە فەتحوڵا مامۆستای زانكۆ وای گوت.

پێوەست بەو بابەتە عەلی محەمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەر لایەنێك ئامادە نەبێت داوای مافی خەڵك بكات و پێداگری لەسەر مافەكانی خەڵك بكات، با چاوەڕێ نەبێت خەڵك متمانەی خۆیانی پێ بدەن، ئەمڕۆ لەسەر لایەنە سیاسییەكانە داوای مافی خەڵكی كوردستان بكەن و كار بۆ خەڵك بكەن، دەبێت حزب لە ‌بەرژەوەندیی خەڵك كار بكات، نەك كار بۆ بەرژەوەندیی خۆی و ئەوەی بەرژەوەندیی خۆی تێدا نەبێت نەیكات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت