حكوومەتی هەرێم كێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست چارەسەر دەكات

:: AM:09:02:07/04/2024 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان یەكلا دەكاتەوە، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەڵێت، بڕیارە دوای جەژن كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەو بابەتە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.

پیشڕەو خالید نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەگەڵ دكتۆر ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم قسەم كردووە، د. ئامانج پێی راگەیاندووە، ئەگەر هیچ گرفت نەیەتە پێش، دوای جەژن پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست دەخەمە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.

لە ساڵی 2021وە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕای گەیاندووە، لە حاڵەتی بە هەمیشەییبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەركی دارایی ناكەوێتە سەر بودجەی گشتی.

وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، كۆی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، مانگانە 10 ملیار و 330 ملیۆن دینارە و لە كاتی بوون بەفەرمانبەری هەمیشەیدا، كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان دەبێتەوە بۆ حەوت ملیار و 977 ملیۆن دینار.



وشە - سۆران عەزیز