نیویۆرك تایمز: ئێران كەرتی غەزەی پڕچەك كردووە

:: PM:02:58:11/04/2024 ‌

بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ڕای دەگەیەنن كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێی ڕێڕەوی نهێنییەوە و بە هاوكاریی هەواڵگری و میلیشیاكانییەوە، زۆرترین چەك و تەقەمەنییان بەرەو كەرتی ڕۆژئاوای فەلەستین گواستووەتەوە و تەنانەت سێ بەرپرسی ئێرانیش كە بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی قسەیان كردووە، ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە.

ئەم كردە نهێنییە، ترسی بەردەوامبوونی شەڕەكەی ئیسرائیل و حەماس زیاد دەكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل كرد، بەهۆی ئەوەی باڵیۆزخانەكەی لە شاری دیمەشق تەقاندەوە و حەوت كەسی لە سەركردەكانی سوپای پاسداران تێدا كوشت.

ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی لێدوانیان بۆ ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە داوە، ئاشكرای دەكەن كە زۆرێك لەو چەكانە بە دوو ڕێگەدا ڕۆیشتوون و بەسەر خاكی عێراق، سووریا، لبنان و ئوردنەوە بەرەو شوێنی مەبەست پەڕێنراونەتەوە.

چاودێرانی سیاسی، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر و پەستانە جۆراوجۆرەكانی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە ڕێی دادگای فیدرالی و نەناردنی مووچە بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێننەوە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەی نەداوە خاكەكەی ببێتە بەشێك پیلانی پەڕینەوەی چەك بۆ حەماس، ئەمەش وای كردووە دەیانەوێت بە برسیكردنی خەڵكی كوردستان و پەستانی تر، هەرێمی كوردستان ناچار بكەن.



وشە - عەبدوڵا عومەر