تۆڕی هەواڵی CNN: پێشبینى دەکرێ ئەمڕۆ ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

:: PM:04:39:12/04/2024 ‌
بەگوێرەى ئەو هەواڵەى تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، دوو بەرپرسی ئەمریکی پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ ئێران بە مووشەک و زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئێران ئەمڕۆ هەینی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، کە تیایدا ڕەنگە زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان مووشەک دژی ئامانجە سەربازییەکانی ناو ئیسرائیل بەکاربهێنێت.

دوو بەرپرسەکە کە ناویان لەلایەن تۆڕه هەواڵییەکەوه پارێزراوە ڕایان گەیاندووە، ئەستەم دەبێت بۆ ئیسرائیلییەکان رووبەڕووی هێرشێکى لەم قەبارە گەورەیە ببنەوە، هەروەها ئاماژەیان کردووە ئەگەرى ئەوەش هەیە ئێران هێرشى کورتمەودا ئەنجام بدات بۆ خۆدوورخستنەوە لە کاردانەوەى گەورەتر.

هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونى یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنى رەوشەکە بە مەبەستی ئامادەکارى بۆ ئەگەری هێرشی ئێران.

هۆکارى دروست بوونى ئەم هەڕەشە و گرژییانە لە ناوچەکەدا، دواى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵگەى ئێران دێت لە دیمەشق، کە بووە هۆى کوژرانى چەند فەرماندەیەکى دیارى سوپای پاسداران، بەرپرسانى ئێران بەڵێنى تۆڵەسەندنەوەیان داوە و هەڕەشەى راستەوخۆ ئاڕاستەى تەلئەبیب دەکەن. لەبەرانبەردا ئیسرائیل بەڵێنی داوە وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە کە بکرێتە سەریان.


وشە - رزگار خدر