هەسارۆكەیەك بە قەبارەی ئۆتۆمبێل بە نزیك زەویدا تێپەڕ بوو

:: PM:05:30:12/04/2024 ‌
هەسارۆكەیەكی زۆر بچووك بە قەبارەی ئۆتۆمبێلێك بە ناوی "2024 GJ2" بە نزیك زەویدا تێپەڕ بوو، ئاژانسی بۆشاییگەری ناساش رای گەیاند، رووداوەكە رۆژێك لەمەوبەر رووی داوە و  تێپەڕبوونی هەسارۆكەكەیش زۆر نزیك بووە لە زەوی و ئاماژەیشی كردووە كە نزیكبوونەوەی هەسارۆكەكە هیچ مەترسییەكەی لەسەر ژیانی سەر زەوی دروست نەكرد و دووپاتیشی كردەوە كە مەترسیشی نابێت لە ئایندەدا. 

زانایانی فەلەكناسیی و بۆشایگەریی ئەمەریكا "ناسا" سەرەتای هەفتەی رابردوو پێشبینی تێپەڕبوونی ئەم هەسارۆكەیان كرد لە نزیك زەوی، بە جۆرێك دووری نێوان هەسارۆكەكە لەگەڵ زەوی تەنیا 12 هەزار میل "19 هەزار كیلۆمەتر" دەبێت، هەر ئەمەیش وای كردووە كە هەسارۆكەی 2024 GJ2 بە نزیكترین هەسارۆكە دابنرێت كە تا ئێستە بە نزیك زەوییەوە تێپەڕ بووبێت. 

وێرای نزیكییەكەی لەگەڵ زەویدا، زاناكان رایان گەیاند كە تێپەڕبوونی ئەم هەسارۆكەیە بە نزیك زەوی هەرگیز جێگەی نیگەرانیی نییە، چونكە بە هیچ شێوەیەك مەترسیی نابێت بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و زەوی. 

لای خۆیەوە ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپا ESA بڵاوی كردەوە، درێژی هەسارۆكەكە نزیكەی دوو مەتر و نیو بووە و ئاماژەیش دراوە سەعات 2:28ی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەم بە كاتی ئەمەریكا هەسارۆكەكە نزیكترین خاڵی بووە لەگەڵ زەویدا و پێچەوانەی پێشبینی زاناكانی فەلەكناسیی كە پێیان وابوو دووری نێوان هەسارۆكەكە و زەوی تەنیا 12 هەزار میل دەبێت، بەڵام بە پێی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپا، دووری نێوان زەوی و هەسارۆكەكە لە نزیكترین خاڵدا تەنیا حەوت هەزار و 641 میل بووە. 

بەپێی بەشی چاودێریكردنی تەنە نامۆكان لە ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپی،  نزیكبوونەوەی هاوشێوەی هەسارۆكەی "2024 GJ2" تا ساڵی 2093 دووبارە نابێتەوە و روو ناداتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود