كۆمیته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له به‌رده‌ڕه‌ش، خۆیان بۆ لاهوور شێخ جه‌نگی یه‌كلا كرده‌وه و چوونه پاڵ "به‌ره‌ی گه‌ل".
لاهوور شێخ جه‌نگی دوای جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتی دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی تهمووز، ئێسته سه‌رپه‌رشتی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌كات بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
"به‌ره‌ی گه‌ل" ناوی ره‌وته‌كه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگییه، له رێكخستندان بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان فراوان بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 15ی نیسان، سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو یه‌كێتی له سنووری بادینان، به "وشه"ی راگه‌یاند، كۆمیته‌ی به‌رده‌ڕه‌شی ئه‌و حزبه خۆیان بۆ لاهوور شێخ جه‌نگی یه‌كلا كردووه‌ته‌وه.
مه‌هدی ساڵح به‌رپرسی پێشووی رێكخراوه دیموكراتییه‌كانی یه‌كێتی، زانیارییه‌كانی "وشه"ی پشتڕاست كرده‌وه و گوتی، له هه‌شتی ته‌مووزه‌وه من له‌گه‌ڵ لاهوور شێخ جه‌نگیم و خه‌ڵكى تریش زۆر هه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته خۆیان ئاشكرا نه‌كردووه.
ڕوونیشی كرده‌وه كه له‌لایه‌ن ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتییه‌وه پێوه‌ندیان پێوه كراوه كه پاڵپشتی به‌ره‌ی گه‌ل ده‌بن، به‌ڵام جارێ ره‌نگه نه‌توانن خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.