وردەكاریی كوشتنی فەیرووز بڵاو كرایەوە

:: PM:02:16:17/04/2024 ‌
زڕباوكی ئەو كچەی بەیانیی ئەمڕۆ كوژرا رای گەیاند،  سەعات 8:00ـی بەیانی ئەو كچە لەلایەن باوك و برا و كوڕێكی پوورییەوە تەقەی لێ كراوە و كوژراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی نیسان، زڕباوكی فەیرووز لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، سێ كەس بە ئۆتۆمبێل هاتوونەتە بەردەم ماڵی كچەكە و تەقەكەیان كردووە، هەروەها تا ئێستە هیچ كەسێك لە تەقەكەرەكان نەگیراون و پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت.
 
زیاتر گوتی، كێشەكە پێوەندیی بەو رووداوەوەیە كە پێنج مانگ پێش ئێستە رووی داوە، لەوكاتەدا سوڵح كراوە لەسەری.
 
لای خۆیەوە دایكی ئەو كچە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، حەوت كەس بوون كە تەقەكەیان كرد، یەكێكیان خاڵیەتی، ئەوانی تر باوك و برا و پورزا و خاڵۆزاكانین، هۆكارەكەیشی بۆ بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی كچەكەی دەگەڕێنێتەوە.

باسی لەوەش كرد، كچەكەی لەناو جێیەكەیدا حەوت فیشەكی بەركەوتووە و راستەوخۆ گیانی لە دەست داوە، سكاڵاش لەسەر حەوت كەسەكە تۆمار كراوە، ئەمە جگە لەوەی جارێكی تر سكاڵا لەسەر ئەو دوو كوڕە تۆمار كراوە كە پێشتر لە باڵەخانەیەكی ئیسكان ئەو كچەیان هەڵدایە خوارەوە. دایكی ئەو كچە گوتی، "دوێنێ یەكێكیان ئازاد بووە و هۆكاری كوشتنی كچەكەم ئازادبوونی ئەو تۆمەتبارە بووە".



وشە - رامیار جەواد