مریشك لە هەرزانییان لە پەڕوباڵ كەوت

:: PM:02:24:18/04/2024 ‌
نرخی مریشك ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی كوردستان بە تەواوەتی هەرزان بوو، بۆ ئەمڕۆ نرخەكەی بۆ دوو هەزار و 690 دینار دابەزی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، رێبوار دەشتی ئەندامی كۆمەڵەی مریشكفرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی مریشك رووی لە هەرزانی كردووە و پێشبینی دەكرێت هێشتا هەرزانتر بێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی پێگەیشتنی مریشك لە شارەكانی عێراق و لە هەفتەی رابردووش مریشك و هێلكەیەكی زۆر لە باشماخ داخل كرابوون، دوای ئاشكرابوو كە هۆكاری هەرزانبوونی نرخەكەی بوو.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ لە هەولێر نرخی كیلۆیەك مریشك بە دوو هەزار و 690 دینارە و ئەگەری هەرزانبوونی زیاتریش هەیە، هەرچەندە بەو نرخە فرۆشتنی مریشك زیان نییە، بەڵام جووتیار قازانجێكی زۆریش ناكات، چونكە كیلۆی مریشك لەسەر جووتیار دوو هەزار و 300 دینار دەوەستێت.

لە هەرێمی كوردستان سەرووی 600 كێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتدار هەیە كە ژمارەی هۆڵەكانیان سەرووی هەزار هۆڵە، ئەمە جگە لەوەی بە سەتان كێڵگەی بێ مۆڵەت و هۆڵ هەیە، ئەو كێڵگانە ساڵانە سەتان هەزار تۆن گۆشتی مریشك بەرهەم دێنن و دەیخەنە بازاڕەوە، بەرهەمەكانیشیان لە پێویستی ناوخۆ زیاترە و بەشێكی زۆری رەوانەی شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد